jineftin
779 subscribers
872 photos
79 videos
154 files
1.06K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
📚 ماریا و چەمکی "ڕەوشت" لای نیچە





ژاڵە حەسەن

  لە ڕوانگە"نیچە"وە، چەمکی ڕەوشت Ethics: ئەو تاقمە بەهایەی دەرەوەیە، چ لە ڕێگەی ئایینەوە بێت، یان نەریتی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر تاکەکاندا سەپێنراون و چاوەڕێ دەکرێت، هەموو تاکەکان پێڕەوی بکەن. بۆ نموونە ئەگەر لە کولتوور، باوەڕ و نەریتی کۆمەڵێکدا گۆشتخواردن قەدەغە کرابێت، لە کاتێکدا تاکێکی ئەو کۆمەڵە سەرکێشی دەکات و گۆشت دەخوات، بە بێڕەوشت یان خراپەکار ناوزەد دەکرێت. لە ژیانێکی ڕەوشتیدا تاکەکان خزێنراونەتە ناو ستراکچەری دەستەیەک بەها و چاکە و خراپەشەوە، بە گوێرەی  شوێنکەوتن و لادان لەو ستراکچەرە، پێناس دەکرێن.
بەلای کۆمەڵەوە، لادانی کەسێک لەو نۆرم و بەهایانە، لادانە لە ڕەوشتی کۆمەڵ و لەو حاڵەتەشدا تاکی خۆتێپەڕ بە بێڕەوشت دادەنرێت؛ بەڵام تاکی بێڕەوشت وەک "نیچە" ناوی لێ دەنێت، تاکێک نییە خراپ و شەڕخواز بێت، بەڵکوو پێشکەوتنخوازە و تاکێکە دەیەوێت کولتوورە بازاڕییە چەقبەستووەکە تێ بپەڕێنێت و خۆی بە بەهایەکی  بەرزتر  لە ژوور بەها باوەکانەوە بگەیەنێت.
لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکەی نیچەوە لەسەر چەمکی "ڕەوشت"، ماریا ئەو مرۆڤەیە کە لە بەها و نەریتە باوەکە یاخی بووە؛ کولتوور و بەها باوەکان ڕەت دەداتەوە و خۆی بە پلەیەکی بەرزتر لە ژوور کولتوورە بازاڕییەکەوە دەگەیەنێت. بەو پێیەی تاک لەنێو کولتووری بازاڕیدا خاوەنی بیرکردنەوە و ڕوانینی خۆی نییە و بوونی خۆی ناناسێت. هەر لەبەر ئەوەیش ویستی بۆ ئازادی نییە، وەک ڕۆبۆتێک بە خواستی ئەوانی دی دەجوڵێتەوە.
ماریا ئەو مرۆڤەیە، بە کۆمەڵێک بەها و حەقیقەتی نوێوە دەرکەوت و پوچییەتیی خۆمانی پیشانداین. پوچییەتییەک کە لە ناواخنی نەریتی دواکەوتووانە، ئایینی توندڕەو، دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ... هتد دروست بووە.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3wEKzDi
jineftin
Photo
💫خشتەی… لێکدان!


کورتەچیرۆک
سپێدە ساڵحی
🔅
 
لە بەرامبەر ئاوێنەکەدا وەستا، زوڵفە سپییەکانی دایکی ئالۆزکاو بە لاجانگیدا چنگیان تێ دەکرد، بۆ؟ ... بیری کەوتەوە کاتێک دەڕۆشت بۆ قوتابخانە، ئەو کاتەی کە خشتەی لێکدانی لەبەر نەبوو و مامۆستا بە پێنووسەکەی لە سەر دەستی دەدا و دەیگوت: خشتەی لێکدان لەبەر کە! خشتەی لێکدان لەبەر کە! خشتەی لێکدان لەبەر کە! دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە دایکی دەبینی کە لە سووچێکی مەتبەقدا، چاوەکانی ئاوسا بوون و هەم دیسان خەسووی بە ژاری زاری شیتاڵ شیتاڵی کردبوو. کاتی نانی نیوەڕۆ بوو، ئێستەکە مێردەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. ترسێکی تاڵ زمانی لە پەلوپۆ خست. چاوی قوچا و وەک هەمیشە تەنها گریا بوو. کاتێک دەستەکانی کچەکەی دەبینی کە جێگەی لێدانی پێنووسەکە ئاوساوە، دەیگوت کچم خشتەی لێکدان لەبەر کە! من نەمزانی خشتەی لێکدان چەندە گرنگە. دوو بدەی لە دوو دەبێتە چوار. چاوم قوچاو و کردم بە سێ. ڕۆحم لە ژێر بێدەنگیدا تەزی. چۆڕەم لێکەوت، شیرم نەما، پوورە پیرەت بە گۆچانی نەستەق و توانج چەند جار لێی دام. لە باتی دە پێنجم لە بیست کەم کرد. چاوم قوچا و سەراسێم گرت. کچەکەی تەنها چرپاندی بە گوێیدا پێی مەڵێ نەخۆش بووم و نەمتوانی لەبەری کەم، فەلاقەم ئەکا. چاوت لێم بێت ئەویش لێم ئەدا.
چەند خولەک لەمەوبەر زەنگی تەلەفونەکە لێی دا! زیڵەی تارا... نیڕە و تێخووڕینی ... کاکەی. ئەلەو... ئەلەو... دایخستبوو. دەستی وشک بوو. زیڕەی فرمێسک تکایە ئێسقانی. زیڕەی ئیسقان بوو؟ نا زیڵەی تارا... زیڵە یان زیڕە، خشتەی... لێکدان بوو، لێکدان یان لێدان؟ خشتەی... لێییییدان بوو.
چاوی نوقاند و کردییەوە. جلەکانی قوتابخانەی لەبەر کرد. خۆی بوو یان کچەکەی!؟ کتومت خۆی. دەستی ڕاگرت بۆ مامۆستا. سێ جار لێی دا. قژئاڵۆز و چاو ئاوساو و دەست کۆڵەوار.

🔻 سەردانی ماڵپەڕی ژنەفتن بکەن:
https://jineftin.krd/
🎭 تریفه‌ی مانگەشەو
شانۆنامەیەکە لە حەوت دیمەندا


دانا ڕەئووف

🎭 کارەکتەرەکان

ژنی یەکەم
ژنی دووەم
ژنی سێیەم
منداڵێك
پیاوێك

سێ ژن و منداڵێك و پیاوێك لەسەرە ڕێگایەك، نزیك دارستانێك بە تەنیشت یەکەوە، بەرامبەر بە بینەران دانیشتوون. سیمای دەم و چاویان، هەروەك ئەوەی ماسکییان پۆشیبێت، تەواو سپی کراوە. پیاوەکە تا کۆتایی هیچ ناڵێت و بێ جووڵە، بەرامبەر بینەران دادەنیشێت، بەڵام هەندێك جار بە جووڵەی دەست و سەر و دەم و چاو، پەرچەکردای سەبارەت بە دیالۆگی ژنەکان دەبێت.


ئەم شانۆنامەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3HVbIbq
🌈 "یووڤال نوح هەراری" لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە دەدوێ

لە ئینگلیزییەوە: سۆما عادل
🏳️‍🌈"دەقی وتەکانی یووڤال نوح هەراری بە نووسین، لەم لینکە بخوێنەرەوه.
https://bit.ly/3RugAHL
🌈 ڤیدیۆکە بە ژێرنووسی کوردی:
https://youtu.be/KVQUen5n7xQ
jineftin
Photo
📚 ئیسلامی کوردی و ناسیۆنالیزم
گێڕانەوە ئایینییەکانی نەتەوەی کورد لە درێژاییی کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و بەرایییەکانی سەدەی بیست



کەماڵ سولەیمانی
لە ئینگلیزییەوە: حیسامەدین (ھیوا) خاکپوور

  لەم وتارەدا ھەندێک تیشک دەخرێتە سەر تێکەڵاویی ئیسلام و ناسیۆنالیزم لە مێژووی مۆدێرنی کورددا. بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەی ھەڵبژاردن، ڕوانگە و چالاکییەکانی ھەندێک لە کەسایەتییە سیاسی-ئایینییە ناسراوە کوردەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدە و بەراییی سەدەی بیست وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دەدرێت. ئەم لێکۆڵینەوە بە ھیچ شێوەیەک داگر و کۆگر نییە. لێرەدا دەمھەوێت نیشانی بدەم کە ئایینداری کوردی ھەر وەکوو دیکەی کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، ناسیۆنالیزمەکەیان لەخۆ گرتووە و خۆیان لەگەڵ ناسیۆنالیزم گونجاندووە. بە واتایەکی دیکە کەسایەتییە ئایینییە کوردەکان، بە سەر ناسیۆنالیزمدا کراوە بوون و لە ھەندێک لە جۆرەکانی خۆبەڕێوەبەری کورد پشتگیرییان دەکرد و چالاکییان دەنواند: ئەوان کوردیان وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز وێنا دەکرد و ھەر بۆیە شەرعییەتی داخوازی و مافە سیاسییەکانی کوردیان ڕادەگەیاند و پشتگیریان لێ دەکرد. بە واتایەک ئەم خاڵەی دوایی نەتەوەخوازی پێناسە دەکات چونکە مافی خۆبەڕێوەبەری بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر خۆئێرجاعی  ڕۆنراوە. من باس لەوە دەکەم کە خاڵی پێناسەکەری ناسیۆنالیزمی ئایینی ئەوەیە کە بکەری ئایینی مۆدێرن، سنوورەکانی ”خۆی¬-بەکۆمەڵ“ لە نێو بابەتی نەتەوەییدا چێ دەکات و وێنای دەکات.
لەم ساڵە دوایییانەدا کۆمەڵێک توێژینەوە ھاتۆتە ئاراوە کە پێداچوونەوە بە پێوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئایین لەنێوان عەرەب و کورد و تورکدا دەکات. ئەم توێژینەوانە، ئەو ڕوانگە ئورتۆدۆکسییە زاڵەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر قایل بە پەیوەندیی زاتی ناسیۆنالیزم و سکۆلاریزم بوو، دەبردە ژێر پرسیار و ھەروەھا بە شێوەیەک لەسەر دێروەدەرکەوتنی  ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردی پێداگری دەکرد. ئێستاکە بە تایبەت ئەو ئایدیایەی کە عەرەبە بووژانەوەخوازە ئیسلامییەکان بە ناسیۆنالیست دەزانێت یان ئەوەی کە کاریگەرییان لە ناسیۆنالیزم وەرگرتووە، ئیعتبارێکی یەکجار زۆری بەدەست ھێناوە. من لە جێگەیەکدا باسم لەوە کردووە کە ژیان و ئەندێشەی بکەری ئایینی لەنێو پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا دەجووڵێتەوە، ھاوکات لەگەڵ ئەوەی ناتوانن ھیچ سیستەمێکی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە وێنا بکەن و ئەمە ئەوان دەکات بە بکەرێکی ناسیۆنالیست.

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3jCjKMT
jineftin
Photo
💫 سەبارەت بە لەدایکبوونەوە، بە تۆفانەکە، بە تۆ
ڕاهۆز کامەران

🔅پاژێک لە شیعرەکە

سەبارەت بە ڕێگاکان
کە لەمێژە پاڵەوانەکان پیایدا ڕۆیشتوونەتەوە
سەبارەت بە نینۆکەکانت کە لەناو زامەکانمدا جێ ماون
سەبارەت بە گوێیەکانت،
گوارەکانت،
بە زمانت کە لەنێو زاری منت نابوو.
سەبارەت بە ئاگردانەکان
چیرۆکەکان
پاڵەوانەکانی نێویان
بە بەلەمە زۆرەکان کە بە شازادەکانەوە ڕۆیشتن و
نەگەڕانەوە
لە خۆم دەپرسم!

وەڵامەکان

بێ لە بۆشاییی
دەریاکان، بێ لە ماسیی نائاشنا
خەونەکان، بێ لە داچڵەکین
هیچیان
هیچ نەبوون و
هیچ نین و
هەرگیز هیچ نابن.



🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە  
https://bit.ly/3Y8Z12i
jineftin
Photo
"شتێک بە ناوی قەیرانی دەروونشیکاری، بوونی نییە"
دیمانەیەک لەگەڵ ژاک لاکان لەبارەی دەروونشیکارییەوە - ١٩٧٤


لە ئینگلیزییەوە: قەندیل زاگرۆس

«لە پێگەی یەکەمدا، ئەوەی ناو نراوە قەیران، بوونی نییە، ناتوانێ بوونی هەبێت. دەروونشیکاری هێشتا نزیک نەبووەتەوە لەوەی سنوورەکانی خۆی بدۆزێتەوە. زۆر شت ماوە کە بدۆزرێتەوە لە پڕاکتیزەکردن و نائاگاییدا. لە دەروونشیکاریدا، هیچ وەڵامێکی ئامادە و دیاریکراو بوونی نییە، پشودرێژی و گەڕانێکی زۆر بەدوای هۆکاردا هەیە.
دووەمین خاڵ ئەوەیە، چۆن دەتوانرێ بگوترێ فرۆید تێپەڕێندراوە، لە کاتێکدا هێشتا بەتەواوی تێی نەگەیشتووین؟ ئەوەی بەدڵنیایی دەیزانین ئەوەیە فرۆید وای کرد ئاگاییمان لەبارەی شتانێکی نوێوە هەبێ، کە بەر لەو نەماندەتوانی تەنانەت خەیاڵیشی بکەین. لە کێشەکانی نائاگایییەوە بگرە تاکوو گرنگێتی سێکسواڵیتە، لە چوونە نێو پانتاییی سیمبولییەوە تاکوو کەوتنەژێر یاساکانی زمانەوە.
دۆکترینی فرۆید تەنانەت خودی حەقیقەتیشی خستە ژێر پرسیارەوە و ئەمە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە، شەخسیی هەر تاکێک. ئەمە شتێکی جیاوازە لە قەیران، دووبارەی دەکەمەوە: هێشتا دوورین لە فرۆید. ناوەکەی بووە مایەی داپۆشینی زۆر شت و ئەمەیش چەندین لادانی لێ کەوتەوە، هەندێک لە شوێنکەوتووەکانی بەوەفاوە بەتەواوی دوای مۆدێلەکەی وی نەکەوتن و ئەمەیش بووە هۆی دروستبوونی ڕاڕایی لەبارەی ئەوەی فرۆید مەبەستی چی بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ و پاش مردنی، هەندێک لە قوتابییەکانی بە شێوازی تر پڕاکتیزەی دەروونشیکارییان دەکرد، بچووککردنەوەی تەکنیکەکانی بۆ چەند فۆرمیوڵەیەکی ناچیز: تەکنیک وەک ڕیچواڵێک، بچووککردنەوەی چارەسەر لەسەر خەڵکی وەک میتۆدێک بۆ پڕۆسەی گونجاندنەوەی تاک لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی، ئەو کارەی فرۆید بە توندی ڕەتی دەکردەوە، دەروونشیکارییەکی دڵدەرەوەی نێو ساڵۆنەکان.»

«دەروونشیکاری یانی فرۆید. گەر دەتەوێ دەروونشیکاری بکەی، ئەوا دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ کارەکانی فرۆید، تێرم و پێناسەکانی ئەو، بە وردی بابەتەکان بخوێنینەوە و شرۆڤەی بۆ بکەین. بۆ ئەم ئامانجە قوتابخانەی فرۆیدم لە پاریس دامەزراند. هەرزوو دیدگای خۆمم بەر لە بیست ساڵ یان زیاتر ڕوون کردنەوە: گەڕانەوە بۆ فرۆید مانای ئەوەیە ئەو لادان و دانەپاڵانەی فینۆمینۆلۆژییە بوونگەرایانە لا بدەین. بۆ نموونە، ئەو دەزگا فۆرماڵییانەی کۆمەڵەی دەروونشیکاری و، دووبارە خوێندنەوەی فێرکارییەکانی فرۆید لەڕێی ئەو پڕەنسیپە سەرەکییانەی لەنێو کارەکانی دایناوە. دووبارە خوێندنەوەی فرۆید تەنها مانای دووبارە خوێندنەوەی فرۆیدە. ئەوەیشی وا ناکات، تێگەیشتنی خراپ دەڵێ کاتێ لەبارەی دەروونشیکارییەوە قسە دەکات»

درێژەی ئەم بابەتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3JPOe8Y
jineftin
Photo
📚 ئێمە و ئەحمەدی خانی

عەباس وەلی
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: سەحەر ساڵحیان

  حەز دەکەم بە خستنەڕووی خاڵێکی تیۆریک، بپەرژێمە سەر پرسی مێژوو و ڕاڤەی مێژوویی. ئەم خاڵەی کە دەمەوێت باسی بکەم، زۆر گرنگە، ڕوو دەکاتە پەیوەندیی نێوان مێژوو و خوێندنەوەی مێژووەوە؛ ڕاڤەگەلی مێژوو وەک فۆرمێک لە نووسین، فۆرمێک لە مەعریفە، فۆرمێک لە مەعریفەی مێژوویی، زۆر جار وا گریمانە دەکرێت کە مێژوو هاوواتای ئەو ڕابردووەیە کە دەینوێنێتەوە یان هەوڵی وێناکردن و ڕوونکردنەوەی دەدات. جگە لە ئه‌مە وایش گریمان دەکرێت کە مێژوو وەکوو ڕابردوو کاتێک کە بە دروستی بخوێنرێتەوە و فام بکرێت، توانای ئەوەی هەیە کە ئێستا و ڕابردوویش زیندوو بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمه‌ لە پرۆسە و ڕەوت و دەورە و ئاراستەکانی گەشەی ئێستامان تێبگەین. بە ڕای من ئەوە دروست نییە. مێژوو هیچ کات هاوواتای ڕابردوو نییە. مێژوو نوواندنەوەی ڕابردوو لە گوتار، لە وتار، لە ئاخافتن، لە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردندایە. مێژوو ئەوەیە کە ئێمە ڕابردوو بە زانستی ئێستا، دەخوێنینەوە. مێژوو ئەو شتەیە کە ئێمە بە ناسینی زەمەنی هەنووکە، ڕابردوو شرۆڤە دەکەین و دەیگێڕیننەوە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە بە ڕوانین لە دەقێکە کە لە بیرماندایە، ئەو دەقەی کە دەمانهەوێت خوێندنەوەی بۆ بکەین، باسی بکەین و پرسیار بکەین، واتە "مەم و زین"ی خانی دەمانھەوێت بیخەینە بەر باس. "مەم و زین"ی خانی دەقێکی گرنگ و بنەڕەتییە نە تەنیا لەبەر ئەوەی کە بەرھەمێکی شیعری مەزنە و ھەمووان ئەمە دەزانن و تەنانەت نە بەهۆی ئەوی کە دەقێکی مێژووییی گەورەیە کە لە ڕابردوودا نووسراوە و قسە لە ڕابردوو دەکات. هه‌روه‌ها نه‌ بە ئه‌و هۆکارەی کە بە ئێمە دەڵێت کە لە سەدەی حەڤدەیەم کەسایەتییەکی کورد بە ناوی ئەحمەدی خانی، جێگە و پێگەیەکی سیاسیی تایبەتی بوو و جێگەوپێگەی تایبەتی بنەمایی دروست کرد. بەڵکوو ھۆی گرنگایەتیی مەم و زین ئەوەیە کە خاڵێکی بنەڕەتی سیاسی ورووژاند کە زۆربەی ئێمەی بۆ سێ سەدە تووشی سەرسووڕمان کردووە و لە ئێستاشدا هەر بۆ زۆربەمان جێگای سەرسووڕمانە و بەردەوام ئەم پرسیارە دەکەین کە پیاوێک لە ئه‌م سەردەمە تایبەتە لە مێژوودا چۆن بە ئاوا خاڵگەلێکی گرنگ گەیشتووە کە لە ڕووی سیاسی، تیۆری و فەلسەفی لە چەندین ڕووەوە مۆدێرن و نوێیە.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3JVLaZc
jineftin
Photo
💫ئاخرزەمانی باپیرم

چیرۆک
فریا یوونسی
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
ئەمشەو باپیرم دەکوژم. یان ڕەنگە چەند شەوێک لەمەوپێش کوشتبێتم، نازانم. بەڵام ئەوەندەم لێ ڕوونە و هەموو بەڵگەکانیش وا دەڵێن، باپیرم بە دەستی من کوژراوە، یان دەکوژرێت.
تومەز باپیری لێقەوماوم، لە پاش ساڵانێکی زۆر تووشی نەخۆشیی فەرامۆشی بوون و هەر نەمردن، چەن شەوێک لەمەوپێش، لە نیوەی هەمان شەودا کە تەپوتۆزێکی خەنەیی بۆ هەزارەمین جار، باڵ دەکێشێت بە سەر کەشوهەوای شاردا، یەکپا لە خەلسە خورمایییەکانی ڕادەبێت و پڕ بە ژوورەکەی و پڕ بە ماڵە بێ ئاوێنەکەیان و پڕ بە گەڕەک و بگرە پڕ بە شاریش دەنەڕێنێت: بۆ نایەیت؟
جا چونکە لەو ئانوساتەدا کە بانگی کردووم، کەسی بە دەورەوە نابێت تا لێی تێبگەن، من ئەو داواکارییەی باپیرم ئەم ئێوارەیە، یان بڵێین ئێوارەی کوشتنەکەی بیستم. بەڵام دەتوانم بڵێم بەوەیدا کە هەمیشە هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاری بەسەر حاڵەتەکانی باپیرمدا، خێرا گۆڕانکارییەکیش بەسەر مندا دەهات و بۆ وێنە لەرزێک لە هەموو جەستەم دەگەڕا، یان کاسەی سەرم لە لای چەپەوە تەزوویەکی لە ئاسمان وەردەگرت و دەینارد بەرەو دڵم و لەوێرا بڵاو دەبۆوە بە عازای جەستەمدا، من یەکەم کەس بووم کە دەبوو بزانم نارەتەکەیم پێ گەیشتووە، کەچی وەک هەمیشە دەربایستی نەبووم و خۆم لێ نەبان کردووە تا ئەم ئێوارە کە زانیومە ئەو نارەتەیە، بریتی بووە لە ڕستە سەرماهێنەکە بۆ من و خێرا سەرمایەک دایگرتووم و بردوومی تا لە لێوارە لێڵەکانی شاردا بمکاتە ناو ناخی شەو و بمدات بە کەناری کانییەکدا کە باپیرمی لێ بکوژم.
من دەمزانی، باپیرم، یان خوا ئەزانێ باپیری باپیری کام باپیرم، هەر چاوەڕوانی من بووە کە بچم و بەپێی هەموو ئەو تەکنیکانەی بە نهێنی، فێری خوێندنەوەی مێشکی بەساڵاچووی کردووم، کۆتایی پێ بێنم و پێش –یان ڕەنگە دوای- کۆتاییپێهێنانی، بیگێڕمەوە کە چۆن لەم چەندین سەدەیەدا کە باپیرمان بووە، هەر خۆی، خۆی فێر کردووە ئاوەکانی ژێر زەوی دەستەمۆ بکات و حاکمی کانییەکان بێت. بە ئازار، ڕاهاتووە سواری بوومەلەرزەکان بێت و کە شوویان لێڕاکێشا، بڵێت: "هۆش!".
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەرستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3lstF8i
jineftin
Photo
📚 ئەندێشەی سیاسیی ئیسلامیی مۆدێرن، ”ئیسلامیزم“ و ناسیۆنالیزم


کەماڵ سولەیمانی
لە ئینگلیزییەوە: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
  پوختە
ئەم وتارە پەیوەندیی نێوان ”ئیسلامیزم“ و ناسیۆنالیزم تیۆریزە دەکات و نیشانی دەدات کە ناتوانرێت لە ئینزیوادا لە ناسیۆنالیزم و لە ئایین(ەکان) لێکۆڵینەوە بکرێت. باس لەوە دەکەم کە ئیسلامیزم ناتوانێت بیر لە سیستەمێکی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە بکاتەوە و وا دیارە ئەو سنوورە سیاسییانەی کە گوتاری دەوڵەت-نەتەوە سەپاندوویەتی، دەروونی کراوەتەوە. ئەم جۆر دەروونی¬کردنەوە بە نۆبەی خۆی لەسەر تێگەیشتنی ئیسلامخوازەکان لە ئۆممە و چەمکە ” گەردوونییە “ ھاوشێوەکان کاریگەری دادەنێت ئەم وتارە پێملە لەسەر ئەوەی کە سەرنجێکی زۆر بدرێتە سەر کۆدەق لە شیکاری ڕاڤە ئایینییەکاندا. سەرەڕای توخمەکانی بەردەوامی لە ئەندێشەی ئایینیدا، کاریگەریی کۆدەق و بەستێنەکان، ڕاڤە ئایینییەکانی گۆڕاوە و تایبەتمەندیی کاتمەندی پێ داون. محەمەد ئیقباڵ (١٨٧٧- ١٩٣٨) جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە: ڕیسالەتێک کە لە بەردەم موسوڵمانی ھاوچەرخدایە لە ڕادەبەدەرە. دەبێت بیر لە گشت سیستەمی ئیسلام بکاتەوە بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی لەگەڵ ڕابردوو داببڕێت. بە ھەر حاڵ ھزراندنەوە یەکی لەو شێوەیە، ھاوچەشن و یەکسان نییە و ھەڵگری نیشانەکانی کارلێک کردن لەگەڵ کۆدەقە کۆمەڵایەتی–مێژووییە تایبەتەکانە. ئەندێشەی ئایینی لە سەردەمی ناسیۆنالیزمدا ئەوندەی کە کاریگەری لەسەر خودی کۆدەقەکان ھەبووە بەو ڕادەیەیش لە کۆدەقەکان کاروەرگری کردووە. ئەم دەیالکتیکە خۆی وەکوو تێکچڕژانێکی دوو لایەنە و بەرامبەر پیشان دەدا. وتاری بەردەست لێکۆڵینەوە لەو تێکچڕژان و کاریگەرییە دوو لایەنانەی نێوان ناسیۆنالیزم و ئیسلام دەکات.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3IgJfgn
jineftin
Photo
خود وەک بتخانەیەک




قەندیل زاگرۆس
«قسەیەکی باو، یانژی وەکچۆن (حەکیم و داناکان) و بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیران پێی دەڵێن: حیکمەتێک هەیە، ئەویش "گەڕانەوە بۆ خود"ە. لەنێو گوتارە سیاسی-ڕۆشنبیری-ئایینی-عیرفانییەکاندا ئەم حیکمەتە بە زەقی بەدی دەکرێت و، وەکوو فێرکارییەکی زێرین و پێودانگێکی ڕاست کە بەرەو (حەقیقەت)ـمان دەبا، بانگی بۆ دەدەن. ئاشکرایە لە کۆنتێکستی کۆمەڵگای کوردیدا بەگشتی و باشوور بەتایبەتی، شتێکی زیندەبەچاڵکراو هەیە ئەویش "خود"ە. مەبەستیشم لە سوبێکتێکی ئازاد و نوێیە و پاکژکراوە لە ئایدۆلۆژیای ئایینی و خێڵەکی لەنێو پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ئەگەرچی شیکردنەوە و پێناسەکردنی "خود" کارێکی دژوارە، ڕەنگە زێدەڕۆییش نەبێ بڵێین مرۆڤی ژیر بە درێژاییی مێژووەکەی، سەرقاڵی ئەم پرسەیە. هەر بۆیە لێرەدا هەوڵێک دەخەمە ڕوو بۆ کۆکردنەوەی بەشێک لەو ڕاڤانەی بە گرنگیان دەزانم و شرۆڤەکارییەک بۆ خودێتیی تاکی کوردی»
«لە چرکەساتی سەرکەوتنی سیاسەتی "گەڕانەوە بۆ خود"، ونکردنی خودە لەنێو وێنەکانی ئەوی تری گەورە و، بوونە بە یەکێک لەوان. ئەوی تری گەورە بانگەشە بۆ جۆرێک لە بێهۆشکردن و بێدەنگبوون دەکات، هەم هەڕەشەی تەنیایی و کوشتن و تەنانەت خۆکوشتنیش دەکات، لەلایەکی ترەوە، هەم خۆیشی بەڵێنی ژیانێکی بەختەوەر، ئارام و ڕێزلێگیراو دەکات. درێژەپێدەری ئەو باوەڕەی مرۆڤ جەوهەرێکی (یان سروشتێکی) بنەڕەتی هەیە و بێ هیچ دەستێوەردانێک هەبووە، بانگەشەیەکی لەو جۆرەیە کە گەرەکە تاک بگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا، واتا گەڕانەوە بۆ مەرجەع. دیارە بۆ گەڕانەوەیەکی لەم شێوەیە، پێشوەختە دەبێ مەرجەعێک هەبێت، لە کۆمەڵگای کوردیدا دوو مەرجەع و ئۆتۆریتەی سەرەکی هەن کە هەردووکیان دوو دیوی یەک دراون، ئەویش ئایین و خێڵە کە هەر لە منداڵییەکی زووەوە دەبنە پەروەردەکار و فێرکارییەکانیان بریتی دەبن لە دژایەتیکردنی فرەڕەنگیی کۆمەڵگا و بەرهەمهێنانەوەی کۆنەپارێزی و دروستکردنی تاکێکی دۆگما. ڕێگری لە پڕۆسەی پێشڤەچوونیی ڕۆشنگەری و درێژەدان بە کۆنەپەرستی بزوێنەری سەرەکیی فاشیزمە»

درێژەی ئەم بابەتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/40QUh3m