jineftin
792 subscribers
868 photos
79 videos
154 files
1.06K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
🔻 شیکارییەکان و بزووتنەوەی ژینا
بۆچی شیکارییەکان بە باشی شەقامی کوردی ناپێکێت؟




حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
  لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی بە هێنانەئاڕای پرسیارگەلێک لە ناوەزێلەی شەقامی کوردی بە تایبەت لە سەروبەندی بزووتنەوەی ژینادا، ئەو گریمانە بوورووژێنم کە شیکاری ئاکادمیسیەن و ڕوشنبیری کورد بە تایبەت دوورەوڵاتەکان، ناتوانێت بە باشی ئەو ململانێی هێزانە کە چرکەساتی سەروبەندی بزووتنەوەی ژینایان خولقاند، کاکڵەناسی بکات. هەربۆیە یان باسەکانیان بە گشتبێژیوتنی دەرهەستی ئینتزاعی ڕووتوقوت؛ ئەویش بە زمانێکی ڕیتۆریک و دەستەواژەگەلێکی زریقەوبریقەدار دادەشکینن . یان خود مەجبوور دەبن زێدەترین تیشکی باسی خۆیان بە دەزگای فیکری لەپێشڕائامادە و لە هەمووجێگەئامادە، بە شێوەیەکی ڕەخنەییی ڕادیکاڵ بخەنە سەر ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەردەوام ئەم باسەیان هەر جار بە ڕاوێژ و زمانێکی دیکە، دووپات و چەنپات بکەنەوە!. لێکەوتەی ئەم جۆر ڕوانینە "هەڵپەساردنی ڕاستینەی کۆمەڵگەی کوردییە"؛ ئەو شوێنەی کە سیاسەت تێیدا چ لە لایەن ڕەوتی سوڵتە و چ لەلایەن ڕەوتی بەرخۆدانی کۆمەڵگەی کوردییەوە ژیانی خەڵک جومگەبەندی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر بزووتنەوەیەک و لە باسی ئێمەدا بزووتنەوەی ژینا وەک ڕووداوێکی بانئاسایی، بوونناسیی تایبەتی خۆی هەیە و مەعریفەی تایبەت و جیاواز و وردەڕیشاڵێ تایبەتی خۆی بە زانیاریی ورد و هەمەلایەنەی گۆڕەپانی کوردی دەوێت و هەر بە تەنیا بەو دەمودەزگا تیۆریک و تێگەیییە لە پێشڕائامادانە(مومکینە ئەو دەزگا فیکرییە تیۆرییانەی بەکاری دەبەن زۆر سەردەمیانەیش بێت) ناپێکرێت. گرینگ ئەوەیە ماتریالی واقیعی ناو دڵی کۆمەڵگەی کوردی هەر چرکەساتێک لە حاڵی گٶڕان و (بوون-بە) دایە و بەو تەشییە حازروئامادانە، ئاڵۆزییەکان و ململانێی هێزەکان و پێکدادانی ڕەوتە جۆراوجۆر و ڕۆلێ ئەکتەرە جیاوازەکانی ناو دڵی شەقامی کوردی ناڕیسڕیت.
ئەم وتارە لەم بەستەردا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/01/23/%d8%b4%db%8c%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8c%db%8c%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86-%d9%88-%d8%a8%d8%b2%d9%88%d9%88%d8%aa%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%da%98%db%8c%d9%86%d8%a7/
jineftin
Photo
💫 چوار شیعر





ئومێد قەرەنی





🔅 پاژێک لە یەکێ لە شیعرەکان
ئەو منداڵانە دەیانەوێ
هاوڕێ لەگەڵ لاکۆست و مارلبۆرۆ و ئەدیداس
          تا مردن
         جەستەی ئەو شارە ئەشکەنجەدەن
شەوانە بە مادە هۆشبەرەکان
                دەمارەکانی تەنیایی دەبڕن
ڕۆژانە بە ئامێرەکانی یاماها
               بە سەرێکی عەنتیکەوە 
               دەیانەوێ زاڵی سەردەم بن!
نیوەڕۆیان بە ماتۆڕێکەوە
       بە دەروونێکی شپڕزەوە
          لە شەقامان دەردەکەون بیریان دەچێ
              جلی ژێرەوەیان لەبەربکەن
وەک ئێمە دەژین
       وەک ئێمە سەرسام نابن
             وەک ئەوان دەژین
                 وەک ئەوان سەرسام نابین
ئەو منداڵانە بەدوای ڕوخسارێکدا دەگەڕێن!


🔻 ئەم شیعرانە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/01/23/%da%86%d9%88%d8%a7%d8%b1-%d8%b4%db%8c%d8%b9%d8%b1-2/
jineftin
Photo
🔻 بنجێک لە بژوێنێک
سەبارەت بە شیعری "ئەلباترۆس"ی بۆدلێر





بیلال ئەمینی

  ئەلباترۆس ئەو جۆرەی بۆدلێر باسی دەکات باڵندەیەکی زلە بە باڵانێکی گەورەوە. ماڵی ئەوەیە کاتی تۆفان بە ئاسماندا بفڕێت. کاتێ باڵ دەگرێتەوە و لە ئاسماندایە پادشای ئاسمانە، بەڵام کاتێ دەپێکرێت و دەکەوێتە دەست کەشتیوانەکان، لە سەر تەختەی کەشتییەکە لەبەر باڵە زلەکانی کە ڕێگەی ڕەوتێکی ئاسایی نادەن و ڕەوتی ناقۆڵا و ناشیرین دەکەن، دەبێت بە گاڵتەی کەشتیوانەکان.
بۆدلێر لە شیعرەکەدا دەڵێ شاعیر چەشنی پادشای هەورەکان واتە ئەلباترۆسە. بەڵام دروستترە بڵێین ئەلباترۆسی ناو کەشتی _ کە باڵە زلەکانی ڕێگەی نادەن ڕەوتێکی ئاسایی بەڕێوە بچێ _ نە تەنیا شاعیر بەڵکوو سیمبۆلی هەر مرۆیەکە کە لەبەر بیرێکی گەورە، هونەرێکی گەورە، دنیایەکی گەورە کە هەیەتی ناتوانێت ئەرکانێکی سووک و بچووک کە پێی دەسپێردرێت بە ئاسانی ئەنجام بدات.
زۆر جار لە کاتی ڕاپەناندنی* ئەرکێکی سووک و بچووکدا ــ کە ئەوانی تر بە ئاسانی و زۆر ئاسایی ئەنجامیان دەدا ــ ئەلباترۆسم دەهاتە پێش چاو کە دەیەویست بە ڕێدا بچێ و باڵەکانی دەکیڕان بە کەشتیدا و ڕێوەڕینی ناقۆڵا دەبوو.
ئەمەی گوتم بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ سەر خۆم نییە، زۆرتر بۆ نزیککردنەوەی خوێنەرە لە شیعرەکە و لە هونەری بۆدلێر.

ئەوەی ئاگاداری ئەدەبی کوردی بێت؛ دەزانێت بۆدلێر لە ئەدەبی کوردیدا بە وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا ناسراوە. ئەوەی وەک من چاوێکی بە وەرگێڕانەکاندا گێڕا بێت و هەوڵی دابێت لە شیعرایەتی دەقەکان بگات.

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەردا بخوێنەرەوە:

https://jineftin.krd/2024/01/25/%d8%a8%d9%86%d8%ac%db%8e%da%a9-%d9%84%db%95-%d8%a8%da%98%d9%88%db%8e%d9%86%db%8e%da%a9/
jineftin
Photo
💫 سێلین بە گۆچان و سەبەتەوە



چارلز بوکۆوسکی


لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر

🔅 پاژێک لە شیعرەکە

ئەمشەو هیچ نیم.
پەیوەندیم بە دار و دیوارەوە نەماوە،
سەر و دەست و پێی زۆرم بینیوە،
دەنگی زۆرم بیستووە،
بەردەوامی منی لە پەلوپۆ خستووە،
مۆسیقا هەر مۆسیقاکەی جارانە،
هەوایش تەواو چەقی بەستووە.
 
وێنەیەکی سێلین بە دیوارەکەمەوەیە،
گۆچانێکی پێیە،
سەبەتەیەکی بە دەستەوەیە،
پاڵتۆیەکی زۆر قورس شانی داخزاندووە،
تاڵێکی درێژ بە لاجانگیدا شۆڕ بووەتەوە،
ژیان ئەوی تاساندووە،
سەگەل پەلاماریان داوە،
دیارە زۆر زۆر، 
زۆر زۆر.



🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/01/31/%d8%b3%db%8e%d9%84%db%8c%d9%86-%d8%a8%db%95-%da%af%db%86%da%86%d8%a7%d9%86-%d9%88-%d8%b3%db%95%d8%a8%db%95%d8%aa%db%95%d9%88%db%95/
💫 سێ کورتەشیعر



بیلال ئەمینی

🔅 باوکم
تەماشایەکی تۆ دەکات
و
مەراقێک
دای‌ دەگرێت
بیر لەوە دەکاتەوە؛
چ حیکمەتێکی تێدایە
نەشمیلێکی شیرینی وەک تۆ
بووە بە نەسیبی
تووڕە و تۆسنێکی وەک من.
من
بە لاچاوێکەوە
تەماشایەکی دەکەم و
بە زەردەیەکەوە دەڵێم:
کە خودا گەرەکی بوو بیدا
ناپرسێ کوڕی کێی!
🔻 ئەم شیعرانە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/02/05/%d8%b3%db%8e-%da%a9%d9%88%d8%b1%d8%aa%db%95%d8%b4%db%8c%d8%b9%d8%b1/
jineftin
Photo
📚 چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان

کاروان عومەر کاکەسوور

📝 «ناوەناوە چەمکی (سادەیی)م لە ڕەخنەی میلـلیدا بەر چاو دەکەوێت، کە وەک تێکڕای چەمکەکانی تر بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک قسەی لێوە کراوە. شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم ڕەگی بۆ سەرەتای حەفتاکان دەگەڕێتەوە، کاتێ هەندێک نووسەر لە ئاستی ئەندامانی (گرووپی ڕوانگە) و ئەوانەی دیکەدا ناڕەزایییان دەردەبڕی، گۆیە بە زمانی ئاڵۆز دەنووسن. هاوکات پێیان لەسەر سادەیی دادەگرت، بەو مانایەی پێویستە نووسین هێندە ڕوون بێت، هەمووان لێی تێبگەن. دەیانگوت ئەدەب و هزر ئەرکی هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەگرنە ئەستۆ، کە بەوەدا چینی کرێکار و جووتیار ناهۆشیارن، زمانی سادە دەتوانێت ئەو بۆشایییەیان پڕ بکاتەوە. لەم ڕووەوە نموونەی هەندێک نووسەریان دەهێنایەوە، تا پێشانی بدەن، کە ئەوانە زمانیان سادەیە، بەڵام قووڵن. ئەم تێگەیشتنە باوە، کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە زمان شتێکی فیزیکییە و سنووردارە، بگرە تەنیا ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن؛ تا ئەمڕۆیش بە هەمان ڕیتم و ناوەرۆک درێژەی هەیە، تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی بگوترێت سادەیی داهێنانە و تەنیا لە دەست ئەوانە دێت، کە داهێنەرن.»
📝 «ئایا نووسەرێکی داهێنەر هەیە، ئینجا گرنگ نییە بوارەکەی چییە، بە سادەیی نووسیبێتی؟ مێژووی فەلسەفە بریتی نییە لە تێپەڕاندنی سادەیی؟ بەوەدا زمان ئیمبیگویتی لە خۆی دەگرێت و لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دامەزراوە، زیاتر لە مانایەک دەردەخات و لێکدانەوەی جیاواز دەسەپێنێت، کە تا ئەو زمانە پتر لە ئاستی زانراوی شت دوور بکەوێتەوە و قووڵتر ڕۆ بچێتە ئاستی نەزانراوەوە، ڕووبەری ئەو ئیمبیگویتییە فرەوانتر و دۆزینەوەی مانای ڕاستینە سەختتر دەبێت. لێرەوەیە زۆرینەی تیۆرییەکانی ئەدەب و هونەر بۆ ئەوە هاتوون، بە شێوازی خۆیان ئەو مانایانە لێک بدەنەوە، کە ئەوە تێپەڕاندنی بەردەوام و بێپسانەوەی سادەیییە.»
ئەم وتارە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/02/07/%da%86%db%95%d9%85%da%a9%db%8c-%d8%b3%d8%a7%d8%af%db%95%db%8c%db%8c-%d9%88%db%95%da%a9-%d8%a8%d8%a7%d9%86%da%af%db%95%d8%b4%db%95%db%8c-%d8%af%d8%a7%d9%87%db%8e%d9%86%d8%a7%d9%86/
jineftin
Photo
💫 بێچووخۆرە!






سپێدە ساڵحی
چیرۆک

🔅 «سەیرە گیان! سەیرە!»
«چییە دایە گیان؟!»
«کچم سەیرە گیان سەرێک بکێشە لای دایکت.»
لەناو مەتبەخدا لە عەزرەتی ئێشی پشتی تاوناتاو دەستێکی ڕاده‌کێشا بۆ پشتی و ده‌یهێنایه‌وه‌، سه‌یره‌ دەچەمایەوە و دیسان ڕاست دەبووەوە، هه‌ندێ جار وێنه‌ی خواروخێچی خۆی له‌ که‌وچکێکدا ده‌بینی، که‌پووی به‌سه‌ر ده‌م و ڕوخساریدا داکه‌وتووه‌، چاوی وه‌کوو که‌نغرێکی برسی زاق ده‌رپه‌ڕیوه‌، جار نا جار باوه‌ڕی ده‌کرد که‌نغره‌ و ده‌ستی له‌ شوێنێکی سه‌ر و ژێر زگی ده‌خشاند تاکو شوێنبێچووه‌که‌ی بدۆزێته‌وه‌ یان هه‌ر ڕه‌نگه‌ بۆ دڵنیایی له‌وه‌ بووبێت که‌ بزانێت به ‌ڕاستی که‌نغره‌ یان نا! سینه‌ و شانه‌کانی له‌ پێشه‌وه‌ له‌ناو که‌وچکه‌ چه‌ماوه‌ ئیستیله‌که‌دا ون ببوون، ته‌نها تاپۆیه‌کی سپیی گۆشتنی بێواتا که‌ وه‌کوو بڵێین له‌ژێر ته‌می ده‌ربه‌ندێکی ترسناکدا ونبووبێتن، لێوه‌ دیار بوو، زۆر سه‌یر بوو له‌ که‌وچکه‌که‌دا هیچ کات نه‌یده‌توانی پشتی خۆی ببینێته‌وه‌ یان با بڵێین نه‌یده‌توانی هه‌ست به‌ گازه‌رای پشت و ئه‌و ئێسقانبه‌ندییه‌ی ده‌فه‌ی شان و پشتی بکات که‌ ئه‌وی کردووه‌ به‌م سه‌یره‌یه‌ی که‌ ئێسته‌ قاپوقاچاغ ده‌شۆرێت! ئه‌رێ ئه‌و به‌رده‌وام قاپەکانی دەشۆرد. به‌ ده‌م که‌وچکه‌وه‌ وەڵامی دایەوە: «باشە دایە گیان! با ئەم قاپانە بشۆم تێم، ئەوەنەی نەماوە.» دانە دانە قاپە دەور ئاڵتوونییەکان و که‌وچکه‌ سه‌یره‌ ئیستیلەکانی بە پارێزەوە دەشۆرد و دەیخستنەوە سەر جێگاکەی خۆیان. «ئا دایە، کارێکت بوو پێم؟ چیت دەوێت بیکەم بۆت؟»
«دایە گیان بڕۆ لە ژووری خەوتنەکەدا لەناو جلوبەرگەکانم پشتوێنێکی مۆر هەیە بیدۆزەرەوە و بێری بۆ دایکت!»
«باشە!»
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/02/10/%d8%a8%db%8e%da%86%d9%88%d9%88%d8%ae%db%86%d8%b1%db%95/
jineftin
Photo
💫 بینینی بەدەن








ریچل ئیلایزا گریفیتس

وەرگێڕانی: باوەڕ مەعرووفی

🔻  ئەو مرد و ئەمن-
له کانیاوی خوێنی دایکمدا، برینی یەکەمی
دێتەوە بیرم. سەر سڕماو لە گوڵپەڕی نەپشکووتوو سوور پرتووکاو،
ڕەش هەڵگەڕاو لە دەوری مەچەکی.
چەند میوەی قاش کردن، چەند پیواز، چەند بەدەن به پێست و ناوکی تیژەوە.
به دەمی منەوەی کرد.
ئەو ئێمە ژیا و ئەمن-
ئەو ئێمەی داڵدە دا و ئەمن-
بێ‌وچان دەدوا لەگەڵ ئەو گوڵانە
وا لە خوێنییەوە دادەوەرین، وا بە ڕێی ئاسمانا بردیان بەرەو مردن. دەنگیم دێتەوە بیر
چەشنی قلۆچی ڕۆچوو له جەرگ و ئەمن هەرگیز دەرمنەکێشا.
لە ژیانەکەی‌تردا، کە لێرەیە، ئالێرەیە، هەموو ئەو زارانەی ڕۆژێ
بلووزەکەی دایکمیان چڕیوە، له دەوری یەک کۆوە دەکەم.

🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/02/10/%d8%a8%db%8c%d9%86%db%8c%d9%86%db%8c-%d8%a8%db%95%d8%af%db%95%d9%86-2/
jineftin
Photo
📚 کانی داڵە نوستووەکان
فریا یوونسی
📘 دەمەوێ تەنیا بزانیت کە شارێکی وا، کەوتووەتە کوێی بنکی زەینم کە وا تێیدا کامە بەزموڕەزمی جیهانە هەر دێت و دەچێت، بێ ئەوەی کەس ئاماژە بە نووکەزامێکیشی بکات. دەمەوێت هەر ئەوەندە بزانی، ئەو "زمکان"ـە لە شوێنێکی وەها هەڵکەوتووە کە هەمیشە تێیدا هەست دەکەیت گەڕیدەیەکیت و تەنیا چاوەڕوانیت، کاتی ڕۆشتنت، کاتی دەربازبوونت بگات. نەک بڵێی زیندانێک بێ، نا. ئەوەندەی ئەوێ پڕە لە سەرخۆشبوونی هەناوی ئادەمیزاد، جێیەکی ‌تر شک نابەیت کەمێک خوتت بکاتەوە لە هەر بیروڕایەکی جیاواز لەوە: شارێکی پڕ لە هەناوی پشکوتووی کەسانێک کە یەکسەر دەردت پێشان دەدەن و دەرمانیشن. ئەمە سەرخۆشبوونێکی دوولایەنەی پێوەیە کە ئەگەرچی لایەنێکی هەتا بڵێی پووچە و پڕە لە نائومێدی، بەڵام لایەنێکی دیکەی هەیە کە –دەڵێن- بە گێڕانەوەی زاربەزاری ئەم ئازارە، دەتوانین داپیرەی تۆراوی شار، "داهوو"، بگەڕێنینەوە و داڵە نوستووەکانی ژێر شاری، پێ بە ئاگا بێنینەوە.
بەڵام من ئیتر وەڕەز بووم لە گێڕانەوەی زاربەزار و خەریکم هەموویانت لەسەر هەوا بۆ دەنووسمەوە، لەسەر هەوا. لەوانەشە هەزاران نیشانە لەم گێڕانەوانەدا هەبن، کە تەنیا ئەو داپیرە لێی تێبگات و پەردە لەسەر نهێنییەکانی هەڵبگرێت؛ کەواتە دەبێ کارت بە پێشودواکردنی ڕستەکانم نەبێت و ئەوەی لەسەر ئەو مولوکوولانە بۆت جێ دێڵم، تۆش ڕێک ئەوە بخوێنیتەوە. بەشکەم بە هەموومانەوە بتوانین ئەو شارە، لەژێر ئەو زەوییەی وا پێش شەقارشەقاربوونی برینەکانی، خۆی گرمۆڵە کرد بەسەر کووچە و کۆڵانە ورینەکانیدا، هەتا بتوانێت بیکات بە کان و بە بووژاندنەوەی بەردەوامی، بیپارێزێت، ڕاچڵەکێنین.
دەبێ هەموو ئەم ڕستانە و ڕووداوە ناواخنکراوەکانی، کتومت وەک خۆی بخوێندرێنەوە، دەبێ بە دروستی ئاماژە بە ئامارەکان و ئاکارەکانی ئەوێ بکرێت و وەها لەبزی گێڕانەوەکە و قوڕساییی بەسەرهاتەکان، بپارێزرێن، کە داهوو، لەگەڵ بیستنی یەکەم ڕستەکانی ئەم بەسەرهاتە، خێرا خۆی تەیار بکاتەوە بۆ گەڕانەوە بەرەو کەلە کاولەکانی ئەو دەڤەرە و هەر گرمەگرمی هەنگاوێکی نزیکبوونەوەی لە پەراوێزەکانی شار، زرمەزرمێک بخاتە نێو دڵی نووستووانی کان.
📚درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2024/02/12/%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%af%d8%a7%da%b5%db%95-%d9%86%d9%88%d8%b3%d8%aa%d9%88%d9%88%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86/
jineftin
Photo
📚 جیهانی سێکسواڵیزەکراو



میرچا ئیلیادە

وەرگێڕانی: قەندیل زاگرۆس

📝 «کاتێ لەبارەی 'سێکسواڵیزەکردن'ـی جیهانی ڕووەکەکان دەدوێین، گرنگە ڕەوان بین لە مانای دیاریکراوی دەستەواژەکە. پرسەکە دەربارەی فێنۆمێنە بنەڕەتییەکەی بەپیتبوونی ڕووەکەکان نییە، بەڵکوو دەربارەی چۆنیەتیی پۆلێنکاری 'پێکهاتەناسییانە'کەیە، کە دوائەنجام و دەربڕی ئەزموونێکی عیرفانیی هاوسۆزییانەیە لەگەڵ جیهاندا. بیرسای ژیانێکە کە سێکسواڵیزەی دەکات، ژیانێک کە دەرهاوێژراوەتە سەر گەردوون. بابەتەکە ئەوە نییە کە کنەڕوانینگەلێکی بابەتییانە یان زانستییانەی هەبێ، بەڵکوو گەیشتنە بە هەڵسەنگاندنێک بۆ جیهانی دەوروبەر لەنێو ژیان، هەروەها لە چارەنووسی مرۆڤەگەردوون؛ سێکسواڵیتە، بەبڕشتی، مردن و زیندووبوونەوە دەگرێتەخۆی. ئەمەیش بە مانای ئەوە نایەت کە مرۆڤی کۆمەڵگا بەرایییەکان نەیاندەتوانی تێڕوانینێکی بابەتییانەیان هەبێ لەبارەی ژیانی ڕووەکەکان. بەڵگە بۆ ئەمەیش دۆزینەوەی بەپیتیی ناسرووشتی و موتوربەکردنی دارخورما و دارهەنجیرە لە میزۆپۆتامیا. ئەم پڕۆسانە دەمێک بوو زانراو بوون، لانی کەم دوو پەرەگرافی یاساکانی هامورابی لەبارەی بە یاساییکردنی ئەم خاڵەیە. دواتر ئەم زانستە پڕاکتیکییە دەستاودەستی کرد بۆ عیبری و عەرەبەکان. بەڵام بەپیتبوونی ناسرووشتیی دارمێوەکان وەک تەکنیکێکی بێستانەوانی کارامە لە خۆیدا، نەدەبینرا؛ بەڵکوو وەک ڕیچوەڵێک دەبینرا، ڕاستینەی ئەوەی پێوەند بوو بە بەپیتیی ڕووەکەوە، ئاماژەدار بوو بە بەژداریکردنی سێکسواڵییانەی مرۆڤ. پڕاکتیزەکردنی جەژنەگان کە پێوەندە بە بەپیتیی زەمینی، یان بە کشتوکاڵییەوە، بێئەژمار لە مێژووی ئایینەکاندا ئاماژەی پێ دراوه‌.»

ئەم وتارە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە:

https://jineftin.krd/2024/02/18/%d8%ac%db%8c%d9%87%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%b3%db%8e%da%a9%d8%b3%d9%88%d8%a7%da%b5%db%8c%d8%b2%db%95%da%a9%d8%b1%d8%a7%d9%88/
jineftin
Photo
📚 کرێکاری وشە

فریا یوونسی
📘 ئەم ئێوارەیەش لەبەر دەرگای ئاپاڕتمانەکەمان، پێشم کەوتەوە. پێی وایە دەبێ بەردەوام دەستێکم پێیەوە بێت و بە هەزار باردا، خەریکی بم. دەقیقە و سەعات نازانێت، هەر کە هات، دەبێ دەستی پێ بکەم. کردوومییە کرێکاری خۆی.
ئەرێ، من کرێکاری ئەوم!
نیوەشەوان، هەر خۆیەتی لە خەو دەرمدەپەڕێنێت. یەکەوڕێ بە شوێن سیگارەکەمدا دەمگێڕێت. هێشتا چاوم نوقمی خەوە و تاسەی چڕەدووکەڵم پێ دەکات، تومەز بە دووکەڵ لە خۆم، لە خەو وە دەرم دەنێت، ڕاپێچی دنیای زیندووانم دەکات. لە خورێنی چەن سیگارم پێ دەکێشێت، هەتا جەستەم ئامادەی خۆی دەکات. دوایی دەمبا لەسەر لەپتاپەکەم دامدەنیشێنێت و بێ ئەوەی هیچ پلانێکم هەبێت، خۆیم پێ بە تاشین دەدات. ئەرێ، شتێکی دەوروبەری مێشکم پێ دەتاشێت کە ناوکی خۆیم لێ ئاشکرا بکات. سەیر ئەوەیە، وشەکانی ئەو کاتانەم لەگەڵ وشەکانی باقیی ڕۆژەکەم جیاوازە، تومەز تازەن، یان ڕەنگە وشە بەجێماوەکانی دوێنێمن کە دوای ئەوەی بە تەواوی نائومێد بوون لە تاشران، لێم هەڵپرواون و لەگەڵ فێنکاییی شنەیەک، گەڕاونەتەوە بۆ نێو مێشکم، یان چوزانم بۆ نێو هەناوم...
📚درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرە بخوێنەرەوە
https://jineftin.krd/2024/03/06/%da%a9%d8%b1%db%8e%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d9%88%d8%b4%db%95/