jineftin
779 subscribers
888 photos
79 videos
154 files
1.08K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
📚 ستەم لە هەناوی جەماوەرە
عێراق وەک نموونە

 
جواد خەلیل

📝«ساڵی ١٨٩٥ گۆستاڤ لۆبۆن یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی خۆی بە ناونیشانی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) دەنووسێت و دەبێتە دەستپێکێک بۆ دەرخستنی بەهای "دەروونناسیی کۆمەڵایەتی" لە دەستنیشانکردنی کێشە سیاسی و کولتوورییەکاندا. ئەم کتێبە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جەماوەر خودان خاسیەتگەلی سادە و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدارن، سادەن چونکە بە ئاسانی دەناسرێنەوە و لە شێوازی زۆر ساویلکانەدا خۆیان بەدیار دەخەن، مەترسیداریشن چونکە پەیوەستن بە هەڵچوونەکانی دەروونەوە و دژی نوێخوازین و لەگەڵ کۆنەپەرستی و ستەمدا دێنەوە. بەو پێیەی کە هەر ئەوانن دوای لەنێوبردنی ستەمکارێک، ستەمکارێکی دی دەئافرێنن، چونکە خودان هیچ هێڵێکی بیرکردنەوە و ڕێبازێکی پتەو نین و ڕقیان لە قووڵبوونەوەیە و سادەخوازن، بۆیەش دیکتاتۆر و ستەمکارەکان لە ڕێی خستنەڕووی بیرۆکەی زۆر سادە و نالۆژیکییەوە دەست بەسەر بیرکردنەوە و ڕوانینی جەماوەردا دەگرن. وەنەبێ جەماوەر ڕقی لەم دەستبەسەراگرتنە بێ، بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە پاڵپشتی دەکا و دەبێتە هەوێنی مانەوە و درێژەپێدانی، چونکە بیرۆکە سادەکان خولیای ئەویشن و دیکتاتۆر و ستەمکاریش لە ڕێی جێبەجێکردنی بڕێک لەو بیرۆکە سادانەوە، خولیاکانی بۆ دەهێننە دی.».

📝 «ئەوانەی ئاشنای مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراقن، دەزانن کە دەوڵەتێکی وەک عێراق هەر لە بنەڕەتەوە لەسەر چ بنەمایەکی نادروست و لاواز دامەزرێنراوە، چۆنیش بەهۆی بەردەوامی ململانێی خێڵەکییانە و ململانێی گروپە ئیتنییە جیاوازەکانییەوە بووەتە ناوەندێک بۆ دروستبوونی دەیان دیکتاتۆری بچووک، هەریەک لەم دیکتاتۆرانەش لە هەناوی گروپێکەوە هاتوونەتە دەر، کە دواجار هەموو خولیایەکی دیکتاتۆرە بچووکەکانیش بووەتە خولیای لەناوبردنی دیکتاتۆرە ڕکابەرەکانی دیکە. سەدامی سەرەتا یەک لەو دیکتاتۆرە بچووکانەی عێراقی شەستەکان بوو، کە لە هەناوی گروپێکی مافیاییی نێو جەماوەرە لێکوەشاوەکەی عێراقەوە هاتە دەرێ و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، توانی بەسەر تەواوی دیکتاتۆرە بچووکەکانی دیکەی ڕکابەرییدا سەر بکەوێت و ببێتە دیکتاتۆری هەمووان.»

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێننەوە.
https://bit.ly/3oKndba
jineftin
Photo
💫 لە ئاستانەدا


ئەحمەد شاملوو

لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

📝 دەبێ ڕاوێستی و دابێیەوە
لە ئاستانەی ئەو دەرکەدا کە دەقولبابی نییە
لەوڕا کە بەوادە هاتبی دەرکەوانت چاوەڕێیە
ئەگەر بێوادەش بێ هاتنت
لە دەرکە دەی کەس نایژێ کێیە

نەوییە دەرگاکە
جا بەهەوا نەبی چاکە.
دەکرێ ئاوێنەیەک بی مشتوماڵدراو
هەتا لەوێ
پێش ئەوەی بچییە ژوورێ
لە پەرکالیی خۆت بنواڕی
هەگەرچی هەنگەمەی ئەودیوی دەرگا ئایلی خەیاڵی تۆیە نەک پڕانیی میوانان
چونکە لەوێ
کەست چاوەڕێ نییە
جووڵەی لەوانەیە لێ بێ
لێ لە هەموو جووڵەوەرێک بێوەرییە:
نە ڕۆح و نە تارمایی و نە پاکیزەی کافووری لەسەر دەستان بێ
نە دێوی وا کە گورزی ئاگرینی وەک سەرەگای لە مستان بێ
نە شەیتانی بوختان لێدراو بە کڵاوی شەیپووریی گوڵینگەدارەوە
نە مەڵغەمەی بێدەستووری ڕەهاگەلی بنبڕی یەکتر
هەر تەنیا تۆ
لەوێ هەبوونی ڕەهای
هەبوونی پەتی
لەوڕا کە لە نەبوونی خۆتەوە بەردەوام دەبی
نەبوونت هەنتەشی بێ ئەملاوئەولای مۆجزاتە.
تێپەڕینت لە ئاستانەی نەچاری
داتکانی دڵۆپە قەترانێکە لە نەبڕانەوەی تاریکەسەلاتدا

  درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.

https://bit.ly/3PSaQ8R
jineftin
Photo
چۆن کامۆ و سارتەر لەسەر پرسی ئازادبوون جیا دەبنەوە؟


  سام درێسەر
لە ئینگلیزییەوە: بیلال نەسرین
📝 «ئەوان دووانەیەکی نامۆ و سەمەرە بوون. ئەلبێر کامۆ، لە جەزائیری ژێردەسەڵاتی فەڕەنسا، لە خێزانێکی ھەژار کە کۆچەریی ئەوروپی بوون ھاتووەتە دونیاوە و سەروسیمایەکی قەشەنگی ھەبوو. ژان پۆڵ سارتەر، لە خێزانێکی چینی خانەدانی کۆمەڵگای فەڕەنسی ھەڵکەوتووە و قەشەنگ و لە بەردڵان نەدەھاتە پێش چاو. ئەوان لە پاریس، لە سەروبەندی داگیرکردن و گەشەکردنەوەی فەڕەنسادا، پاش جەنگی جیهانیی دووەم، بە یەکتر ئاشنا بوون. لەو زەمەنەدا، زەمەنێک کە فەڕەنسا وردە وردە بۆ کەشی ئاساییی خۆی دەگەڕایەوە، کامۆ نزیکترین دۆستی سارتەر بوو. لە دواتردا سارتەر دەڵێت: لەو سەردەمەدا ئێمە تۆمان زۆر خۆش دەویست.
ئەوان دوو سیمای درەوشاوەی ئەو سەردەمە بوون. ڕۆژنامەکان بەردەوام چالاکییە ڕۆژانەیییەکانی ئەوانیان تۆمار دەکرد: سارتەر لە کافێ دو میگو[کافێیەکی ناسراوە لە شاری پاریس] جێگیر بووە و کامۆ سەرتاسەری پاریس تەی دەکات. لە سەروبەندی بونیادنانەوەی شاردا، کامۆ و سارتەر وتاربێژ و لە دەنگە زوڵاڵەکانی ئەو سەردەمە بوون. ئەوروپا بووبووە قوربانیی جەنگ، بەڵام خۆڵەمێشێک وەک پاشماوەی جەنگ بەجێما، کە هەلومەرجێکی بۆ وێناکردنی دونیایەکی نوێ فەراھەم کردبوو. خوێنەرانی کامۆ و سارتەر چاوەڕێی ئەوە بوون بزانن ئەوان چۆن وێنای ئەو دونیا نوێیە دەکەن و چۆن شکڵ دەگرێت.»
📝 «ناکۆکی و دابڕانی ئەم دوو ھاوڕێیە ھەر زوو لەسەر پەڕاوی بڵاوکراوەکان پەخش بووەوە. لە یەکێک لەو وەشانخانانەی کە سارتەر بابەتی تێدا بڵاو دەکردەوە، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر پەرتووکی «مرۆڤی یاخی» بڵاو کردەوە، کە سەد جار لێی چاپ کرایەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وێناکردنی ئەوەی کە ناکۆکیی نێوان ڕۆشنفکران بتوانێت تا ئەم ئاستە کار لە بیرکردنەوەی خەڵکی بکات، شتێکی دژوارە. بەڵام بۆ زۆرێک لە خوێنەرانی ئەو سەردەمە، ئەم ناکۆکییە ڕەنگدانەوەی لە تەنگەژەی سیاسیدا ھەبووە. لە ڕاستیدا بە بۆچوونی ئەوان، سیاسەتکردن بۆ مەیدانی ئایدیاکان و ئەندێشەکان گواسترابووەوە و یاسا و دەستوور بەپێی پێوانەی بەھای ئایدیاکان بووە»

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3SjAchE
jineftin
Photo
🎨هونەر و شۆڕش

 

نوورەدین جاف


🎨ڕاستە هیچ پارچە هونەرێکی شێوەکاری نییە کە بووبێتە هۆی شۆڕش، بەڵام زۆر بەرهەمی هونەری هەن کە بەشدارییان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا کردووە، و گوزارشت لە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەیان لە کۆمەڵگادا کردووە.

بۆ نموونە ڕامبرانت (Rembramdt)(١٦٠٦-١٦٦٩) وەک یەکێک لە گەورەترین هونەرمەندەکانی ئەوروپا، بەرهەمی هەم شۆڕشی ئەڵمانیا بوو لە دژی دەسەڵاتی ئیسپانیا لە سەدەی شانزەهەمدا، هەروەها دیدگای ڕەخنەیی کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەڵمانیای لەدایک بوو – لەو کاتەدا – وەک بەڵگەی ئەو وێنەکێشانەکان، کە هاوسۆزییەکی قووڵیان بۆ سواڵکەرەکان هەبوو.

لە فەرەنسا لە سەردەمی شۆڕشدا هونەرمەند دەڤید(Jacques Louis David)(١٧٤٨-١٨٢٥) کە ئەندامی مەجلیسی شۆڕشی نیشتمانی بوو، تابلۆی “مەرگی مارا”ی تەواو کرد، ژان پل مارا (١٧٤٣-١٧٩٣) کە ڕۆژنامەنووسێکی شۆڕشگێڕی ڕاپەڕیو بوو، بە جۆش و خرۆشەوە لەلایەن دژە شۆڕشەوە کوژرا.

لە ساڵی ١٨٣٠دا هونەرمەندی فەرەنسی دۆلاکروا(Delacroix) (١٧٩٨-١٨٦٣) بە شێوەیەکی ڕەمزی شۆڕشی سووتاوی دەربڕی، لەو ساڵەدا لە تابلۆ بەناوبانگەکەیدا “ئازادی سەرکردایەتی گەل دەکات”، پاشان، لە ماوەی شۆڕشی ١٨٤٨دا، هونەرمەند لەگەڵ خۆیدا لە بازنەکانی هونەری پاریسدا زریانێکی دروست کرد تابلۆی نایاب “کرێکارانی کانگای بەردین” هاتە بەرهەم.

لە سەدەی بیستەمدا، هەم شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ و هەم شۆڕشی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٨-١٩٢٣ بزووتنەوەی هونەری بەهێزی ئاڤانگاردیان دروست کرد، پڕۆژە – تەواونەکراو – تاوەری تاتلین، کە بڕیار بوو مۆنۆمێنتێک بێت، بۆ ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست.

لە ئەڵمانیا ئۆتۆ دیکس(Otto Dix)(١٨٩١-١٩٦٩) و جۆرج گرۆز(George grosz) (١٨٩٣-١٩٥٩) بەرهەمی هونەرییان بەرهەم هێنا کە بە توندی هێرشیان کردە سەر چینە دەسەڵاتدارەکان، دواتر جان هارتفیڵد(John Heartfield) (١٨٩١-١٩٦٨) کە تەکنەلۆژیای فۆتۆ-مۆنتاژ بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی هونەری بەکار هێنا، بە توندی و بوێرانە هێرشی کردە سەر هیتلەر و نازیزم.

سەبارەت بە بزووتنەوەی سوریالیستی کە لەسەر دەستی ئاندرێ بریتۆن لەدایک بوو، بزووتنەوەیەک بوو کە ئامانجی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانەی ئاشکرای هەبوو. لەوانەش هونەرمەندانی وەک ماکس ئێرنست، و جۆن میرۆ – بە پێچەوانەی سەلڤادۆر دالی، کە لەلایەن ئەوانی دیکەوە دوور خرایەوە بەهۆی مەیلە فاشیستەکانییەوە.

🎨درێژەکەی لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە

https://bit.ly/3P4AohO
jineftin
Photo
💫لە یەکێک لەو شەوانە



دیلان قادر
🔅پاژێک لە شیعرەکە
ئەوە شەو بوو پیشانی دام
ئارامترین پیاسە
پیاسەی ئەو شەقامانەیە
ئۆتۆمبێل لێیان تۆراوە
شەو بوو فێری کردم
هێورترین بیرکردنەوە
لە دوای نووستنی ژن و مێردەکان
لە دایک دەبێت
هەر شەویش بوو بۆی سەلماندم
مۆسیقا
لە خامۆشیی شەودا
چێژبەخشترینە
شەو درەنگ هاتە تەمەنمەوە
لە ڕۆژدا هێند ژیابووم
هێندەی کتێبخانەیەکی گشتی
شت فێر ببووم
لە خەڵکییەوە تەوقەکردن
لە کچە زۆربڵێکانەوە خۆشویستنی تەنیاییم
لە تاڵە سپییەکانی قژمەوە بێباکی زەوی
لە گریانە ئاسان بۆهاتووەکانی دایکمەوە نادادپەروەری
لە مەرگی باوکمەوە بێمانایی و
هەتا دوایی
کەچی تەنیا شەو بە خۆمی ئاشنا کردم
باوەڕی پێهێنام گەر بمەوێت دەتوانم
سەفەر بکەم
ماڵئاوایی لەو ئەلبوومە سەنگینانە بکەم
بە دڵمدا هەڵواسرابوون
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3zFhJU7
jineftin
Photo
چەند سەرنجێک لەبارەی بلیمەتییەوە



  جواد خەلیل

📝 «بلیمەتەکان بەوەدا کە هیچیان لەوانی دیکەیان ناچن و هەر بلیمەتێک خەسڵەتگەلی جودا و ناوازەی خۆی هەیە، بۆیە قورسە بتوانرێت یەک وێنای گشتێنراو بخرێتە بەردەست و بکرێتە پێوەرێک بۆ دەستنیشانکردنی کەسێتیی بلیمەتانە. لە کۆندا بلیمەت دەبوو خودان ڕەچەڵەک بووایە، تاکوو بەئاسانی لەلایەن کۆمەڵگەوە دانی پێدابنرایە، بلیمەتە بێڕەچەڵەکەکان زۆر جار دەخرانە پەراوێزەوە و له قۆناغەکانی دواتردا درک بە بلیمەتییەکەیان دەکرا. خۆشبەخت بوون ئەو بلیمەتانەی کە بلیمەتییەکەیان تەبا دەوەستایەوە لەگەڵ خواست و ویستەکانی سەردەمەکەیاندا، ئەوانەشی کە بلیمەتییەکەیان لەگەڵ ئەو خواستانەدا یەکی نەدەگرتەوە، دەبوونە نەفرەتلێکراوێک و بە قینەوە لێیان دەڕوانرا.

(ئێریک تیمبڵ بیڵ) لە ساڵی (١٩٣٧) کتێبی (مەزنە زانایانی بیرکاری) بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا زۆر بەوردی لە ژیاننامە و داهێنان و ڕەچەڵەک و ئاستی بلیمەتبوونی (٢٨) زانای ناوداری بیرکاری دەکۆڵێتەوە، کتێبەکە لە ڕێی ئاماژەدان به شێوازی ژیان و ژینگەی خێزانییەوە دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە بلیمەتی زادەی هەوڵ و کۆششی خۆکردانەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەچەڵەک و زیرەکی باوانەوە نییە. ئەوەی لەو کتێبەدا دەبێتە جێی سەرنج، ئەوەیە کە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت هەر لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینەوە تا دەگاتە ساتی نووسینی کتێبەکە، هیچ کام لەو زانا بلیمەتانەی کە ناویان وەک زانایەکی مەزن لە مێژووی بیرکاریدا هاتووە لە خانەوادەیەکی بلیمەتەوە نەهاتوونەتە دونیا، بەڵکوو سەرجەمیان زادەی خێزانگەلی ئاسایی»

📝 «چاخ و سەردەمەکان نەک بە تەنها دەستکاری لە خەسڵەتەکانی بلیمەتیدا دەکەن، بەڵکوو زۆر جار بە تەواوەتی واتاکانیشی دەگۆڕن و بەپێی پێوەرەکانی سەردەم ئاستی بلیمەتی دیاری دەکەن. لە هەر سەردەم و چاخێکدا، بەپێی خواست و حەز و تێگەیشتنەکانی سەردەمەکە بۆ بلیمەتی، کەسە بلیمەتەکان دەستنیشان کراون. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بلیمەتی شتێک نییە لە هەموو سەردەمەکاندا وەک یەک پێناسە بکرێت و لێی بڕوانرێت، بەڵکوو زۆر جار ئەوەی کە لە ڕۆژگارێکدا ڕەنگە بە بلیمەتی سەردەمی خۆی بناسرێت، لە قۆناغێکی تردا لە گەمژەیەک زیاتر هیچی تر نەبێت.»

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.

https://bit.ly/3C6bvzR
jineftin
Photo
💫وەختێو مێ

ژوان ڕەحیمی
🔅پاژێک لە شیعرەکە
وەختێو مێ
وەختێو کە
ئێتر سێبەروو مەرحەباو
باخەوانێو پیری
سەرمەنزڵوو گرد ڕایێوی و
بەهانەو بلۆقەو پایانە...
ئێتر پەی شیشێ دلاقەی
ئا وەرمە دیەبێش
دەمەتەقێ وێش و کووجیێوە
بە تەوەنی و ترەکێ
تەعبیر نمەبۆ...
ئێتر کناچێوە
شاروو هاوارە عەقیمانە
پەوکای منویسۆ
شەفاو شێعرێش
خەڵاتوو
جەڕاحەتی بێدەنگوو
مانگێ کەردەبۆ...
ئێتر شەوە
شکۆ و شەوکەتش
تاڵکێش بۆ و
تەماو تەڵقینەو تاریکی
نمازۆ
ڕۆجیار
ویرەوەڕی هەسارانە
ماشیۆوە...
ئێتر گرد کەس یاوۆنە
لاولاو
پەوکای دار و بەردهۆر
ملۆ سەر
کە نۆسخێوە
جە هەرسەکاو چەوسەریش
یاونۆ
هەنووی پەڕوو
ئاسمانوو ئی باخی...
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3QAKb0B
jineftin
Photo
  💫بارانى جێنیوەرى


كاروان محەمەد فەتاح

🔅پاژێک لە چیرۆکەکە

«ئەوە بۆچى دایکم، لەگەڵ خۆرئاوابووندا ناتوانێت یەک وشە بڵێت و لە ڕۆژدا عەیبى نییە؟» ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ماوەى ئەو چوار مانگەدا، کە دایکى هەواڵى مەرگى (عەلى)ـى براى پێ دەگات و دواتریش بەسەر لەیدییەوە دەمرێت، بەردەوام لەناو سەرى ئۆسکاردا دەخولێتەوە.
کاتێک ماڵى باپیرى (باوکى دایکى) لە شارێکى ترەوە دەگەن، لەیدى لەناو باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. «دواى مردنى ئۆسکارى برای، وا باشترە لەیدى لێرە نەمێنێتەوە و ڕێگەى بدە لەگەڵ ئێمەدا بژى.» پێش ئەوەى بێن، ئەمە بە باوکى دەڵێن و ئەویش بە داواکەیان ڕازى دەبێت. باپیرى کێشەى لەگەڵ ناوەکەیدا هەیە و نازانێت بڵێ لەیدى، دەڵێت لەیلى. باوکى ئەو ناوەى لێ ناوە. 
یەکەم بەفرى ساڵى نوێ داى کرد. ڕۆژێک دواتر بارانى جێنیوەری. شۆفێرەکان لایتى ئۆتۆمۆبیلەکانیان پێ دەکەن و ئێمە شەوقى لایتەکان لەسەر شەقامە تەڕەکە دەبینین. هەر چوارلاى ترافیکەکە بە هۆتێل و ئاپارتمانى بەرز بەرز دەورە دراوە. لەناو پاسەکەدا چاوەڕێى ترافیکین سەوز بێت. بارانەکە هەر دەبارێ. شۆفێرەکان لە پشتى جامەکانەوە بە تەڵخى دەبینرێن. هەڵمى سەر جامەکە دەسڕم. لەلاى ڕاستەوە دوو کچ دەچنە تاکسییەکەوە. لە ڕادیۆى پاسەکەوە گوێمان لە ‹ئەى بارانە و بارانە› دەبێت. خشانى تایەى ئۆتۆمۆبیل و هۆڕنێکى بەرز ناچارم دەکات جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە بسڕمەوە. جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە دەسڕمەوە. منداڵێکى کلێنکسفرۆش لەسەر شەقامەکە کەوتووە. خێرا دەچمە سەرى، تاساوە. لە باوەشى دەکەم و دەیخەمە ناو تاکسییەکەوە. باران نایلۆنى کلێنکسەکانى تەڕ کردوون. دەگەینە نەخۆشخانە و منداڵەکەم لە باوەشدایە، ڕێک هەست دەکەم ئەو ساتەیە لەیدى لەدایک دەبێت و دایکى بەسەریەوە دەمرێت.

🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:

https://jineftin.krd/2022/08/14/7722/
jineftin
Photo
لەبارەی سیستەمی یەکپۆشییەوە
نامەیەکی کراوە لە فێرخوازێکەوە بۆ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین



  زەردەشت غازی

📝 بۆ  جەنابی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ڕێزدار پ.ی.د کامەران یونس محەمەد ئەمین

 بابەت: داواکاری

سڵاو و ڕێز

***

پەیوەست بە بابەتی یەکپۆشی کە جەنابتان بڕیارتان لێی داوە و، فێرخوازان ناچارن لە سەرەتای ساڵی تازەی خوێندنی ئەکادێمی کار بەو بڕیارە بکەن، حەز دەکەم ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەم.

جگە لە چەند وڵاتێکی نا-دیموکراسی بۆ نموونە کۆریای باکوور، لە هیچ ناوەندێکی ئەکادێمی لە دونیادا فێرخوازان ناچار نین هەمان جلوبەرگ(سیستەمی یەکپۆشی) لەبەر بکەن، وە لە هەمان کاتدا ئاستی زانستی زانکۆکانیان لە لوتکەدایە. بۆ نموونە ئۆکسفۆرد. ڕاستە هەندێک یاسای تایبەت لەبەرچاو دەگیرێت(Dress code) بۆ نموونە لەبەرکردنی جلوبەرگی نیمچە ڕووت ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك فێرخوازان ناچار نین هەمان جلوبەرگ لەبەر بکەن. هەروەک جەنابتان باستان لێوە کردووە؛ گوایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی فێرخواز زیاتر گرینگی و فۆکس لەسەر خوێندنەکەی بکات و دەبێتە هۆی بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی. پێم وایە کێشەکە زۆر ڕوونە ئەوەی هۆکارە بۆ نزمی ئاستی زانستی زانکۆی سەلاحەدین بە پلەی یەکەم خودی فێرخوازە، وە بە پلەی دووەم سیستەمی زانکۆکەیە. بێگومان هۆکارگەلی تر زۆرن، بۆ نموونە: ژێر هۆکارەکانی وەکوو  دۆخی ئابووری و ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردی و سیستەمی سیاسیی وڵات…


درێژەی ئەم نامەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.

https://bit.ly/3plXsOK
jineftin
Photo
📚فرۆید وەک فەیلەسووف


دەیڤید سمیس
وەرگێرانی: ڕامیار عەلی
  «پێش ئەوەی فرۆید بە باوکی دەروونشیکاری بناسرێت، سەرەتا نەریتی عەقڵانیی دیکارتی زاڵ و باوی دوالیزمی زەین و جەستەی لەناو برد.
زۆربەی خەڵک بیر لە سیگمۆند فرۆید دەکەنەوە وەک دەروونناسێک یان دەروونپزیشکێک. بەڵام ئەو هیچ کام لەمانە نەبوو. ئەو لە بواری دەمارزانی(نۆرۆلۆجی) خوێندی و بوارێکی نوێی بە ناوی "دەروونشیکاری" بونیاد نا. بەڵام دەبێ فرۆید بە فەیلەسووف - و وەک کەسێکی ژیرمەند و قووڵ و پێشەنگ لەو بوارە-شدا دابنێین. هەروەک چۆن فەیلەسووفی زانست "کلارک گیلمۆر" لە ساڵی ١٩٩١دا ڕایگەیاند: "نووسراوەکانی فرۆید فەلسەفەیەک لە زەین لەخۆ دەگرن؛ لە ڕاستیدا فەلسەفەیەک لە زەین کە مامەڵە لەگەڵ چەندین بابەتی پەیوەست بە زەینەوە دەکات، کە ئەمرۆ بیرکردنەوەی فەیلەسوفانی بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی دەروونناسەکان. بیرکردنەوەی فرۆید لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە فەلسەفەی زەین، باشترە لە زۆرێک لەو پرسانەیە کە لە فەلسەفەی هاوچەرخ لێیان دەکۆڵرێتەوە و هەندێک جار زۆر لەوەش باشترە."».
«ئەم جۆرە تیبینی و سەرنجانە بوون فرۆیدیان بەرەو ڕوانگەیەکی نوێ بۆ زەینی مرۆڤ برد - ڕوانگەیەک کە بە تەواوی لە دژی زانستی باوی سەردەمی ئەو بوو. ئەم بۆچوونەی بە وردی لە دیکۆمێنتێکدا بە ناوونیشانی دەروازەیەک بۆ دەروونشیکاری زانستی (١٨٩٥) بە هەموو وردەکارییەکەوە نووسی. فرۆید ئەو کتێبەی هەرگیز بڵاو نەکردەوە؛ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەبەر ئەوەی زانستی دەمارزانی ئەو سەردەمە نەیدەتوانی ئەو جۆرە زانیارییە تەواو و وردەی کە ئەو دەیویست پێشکەش بکات. بەڵام ئەو بیرۆکانەی کە فرۆید تێیدا خستبوویە ڕوو، نزیکەی هەموو تیۆریزەکردنەکانی دواتری پشتڕاستیان کردەوە.»
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3AvpKN7