jineftin
778 subscribers
872 photos
79 videos
154 files
1.06K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
📚سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی دووەم: تاک
(٢-٣)

ئاندرۆ هایوود
لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی
  «تاکگەرایی هەر تەنیا واتای باوەڕبوون بە بوونی تاکەکان نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بیرێک وەک سەروەریی تاک بەسەر هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان دەستەجەمعیدا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاک ناوەندی هەر تیۆرێکی سیاسی یان لێکدانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە. بەڵام تاکگەرایی سیمایەکی سیاسیی ڕوونی نییە، هەرچەندە زۆر جار بەستراوەتەوە بە نەریتی لیبڕاڵی کلاسیکی و بیرۆکەکانی وەک حکوومەتی سنووردار و بازاری ئازاد. بەڵام بۆ پاساوی دەستیوەردانی دەوڵەتیش بەکارهاتووە و لە هەمان کاتدا مایەی ڕەزامەندی سۆسیالیستەکانیش بووە. بۆ نموونە هەندێک لە بیرمەندان تاکگەرایی و کۆڵێکتیڤیزم وەک دژە جەمسەری دەبینن، کە نوێنەرایەتی هێڵە شەڕە تەقلیدییەکانی نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزم دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەم دووانە تەواوکەری یەکن و تەنانەت لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، ئامانجە تاکە کەسییەکان تەنیا لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵەوە دەتوانرێت بەدی بهێنرێن. کێشەکە ئەوەیە، کە هیچ هاوئاهەنگییەک و ڕێککەوتنێک لەسەر سروشتی تاک نییە، هەموو رێبازە تاکگەرایییەکان کار لەسەر بەهای ناوەکی تاک دەکەن، جەخت لەسەر شکۆ و بەهای کەسی و تەنانەت پیرۆزی هەر تاکێک/مرۆڤێک دەکەنەوە، لێ ئەوەی لەسەری ناکۆکن ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم سیفەتانە بە باشترین شێوە درک بکرێت.‌»
«بیرۆکە لیبڕاڵییەکان لە ئەنجامی داڕمانی فیوداڵیزم لە ئەورووپادا سەریان هەڵدا، لە شوێنی ئەودا کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری بازاڕ هاتە ئاراوە. لیبڕالیزم لە سەرەتاییترین فۆڕمی خۆیدا ڕێبازێکی سیاسی بوو دژ بە ڕەهاگەرایی و شانازیی دەرەبەگایەتی، لە بری ئەوە بانگەشەی بۆ حکوومەتێکی دەستووری و نوێنەرایەتی دەکرد. تا سەدەی نۆزدەهەم بیری سیاسیی لیبڕاڵ جیاواز پەرەی سەندبوو، کە لایەنگری فەزیلەتی سەرمایەداریی "لایسێز-فەیر"ی دەکرد و هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەلایەن حکوومەتەوە شەرمەزار دەکرد. ئەمەش بوو بە ناوەندی لیبڕالیزمی کلاسیکی، یان سەدەی نۆزدەهەم. بەڵام لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە فۆڕمێک لە لیبڕالیزمی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا، کە بە شیوەیەکی لەبارتر تەماشای چاکسازی خۆشگوزەرانی و بەڕێوەبردنی ئابووری دەکرد. ئەمەش بوو بە تەوەری تایبەتمەندیی مۆدێرن، یان لیبڕالیزمی سەدەی بیستەم.»


درێژەی بەشی دووەمی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3SZhQm6
jineftin
Photo
📚سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی سێیەم: کۆمەڵگا
(٣-٣)

ئاندرۆ هایوود
لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی
  «کەم زاراوەی سیاسی هەیە هێندەی کۆڵێکتیڤیزم ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی دروست کردبێت، یان هێندە واتایەکی فراوانی لەخۆ گرتبێت. بۆ هەندێک کۆڵێکتیڤیزم ئاماژەیە بە کردارەکانی دەوڵەت و بەرزترین فۆڕمی گەشەسندنی خۆشی لە ناوەندی ئابووریی دەوڵەتە کۆمۆنیستە ئۆرتۆدۆکسەکاندا بەخۆوە بینی، کە پیی دەگوترێت "کۆڵێکتیڤیزمی دەوڵەت". بەڵام هەندێکی دیکە بە کۆمەڵگەرایی بەکاری دەهێنن وەک ئاماژەیەک بۆ کۆمۆنیتاریزم، کە پەسنی کردارێکی کۆمەڵایەتییە نەک خەباتی و هەوڵدانێکی کەسی، بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە کاریگەرییەکی ئازادیخوازانە و تەنانەت ئەناکیزمیشی هەبوو، وەک لە "ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی"ی میخائیل باکونین(١٨١٤-١٨٧٦)دا خرایە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا زاراوەی کۆمەڵخوازی هەندێ جار وەک هاوواتای سۆسیالیزم بەکار دەهێنرێت، هەرچەندە زیاتر بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکەیە، کە لەلایەن ڕەخنەگرانی سۆسیالیزمەوە ئاڕاستە دەکرا، بۆ ئەوەی زیاتر وەک داکۆکیکارێک دەرکەوێت کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان خۆیان ئەو زاراوەیە بۆ پابەندبوون بە بەرژەوەندییە بەکۆمەڵەکانی مرۆڤایەتی بەکار دێنن. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت ئاماژە بە ناوەڕۆکێکی هاوبەشی بیرە کۆمەڵخوازەکان بکرێت و کۆمەڵێک لێکدانەوە و نەریتی ململانێکان دەستنیشان بکرێن.»
«گرنگی تیۆریی کۆمەڵگا بۆ شیکاری سیاسی، هیچ لە چەمکی سروشتی مرۆڤ بۆ سیاسەت کەمتر نییە. ژیانی سیاسیی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئاخر سیاسەت کەمێک زیاترە لە ڕەنگدانەوەی ئەو گرژی و ململانێیانەی کە کۆمەڵگا دروستی دەکات. بەڵام کارلێکی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگا و تاک بابەتی ناکۆکی تووند و مشتومڕی قووڵی ئایدۆلۆژییە. ململانێکانی ناو کۆمەڵگا چین؟ ئەم ململانێیانە لەنێوان کێ دان؟ ئایا دەتوانن بەسەر ئەم ململانێیانەدا زاڵ ببن، یان تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی ژیانی سیاسیین؟ مەودای یەکەمی تیۆرییەکان لەسەر بنەمای چەمکی سەربەخۆییی تاک لە کۆمەڵگادا دامەزراوە. ئەم ڕەوتە پێیان وایە، کە کۆمەڵگا شوێنەوارێکی مرۆیییە و لە لایەن تاکەکانەوە بنیات نراوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مەبەست و بەرژەوەندییەکانیان.»


درێژەی بەشی سێیەمی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3EMZq3T
jineftin
Photo
📚کورتکردنەوەی ڕۆمان

کاروان عومەر کاکەسوور


  «دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن..»
«زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە.»


درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3D0dPbt
jineftin
Photo
«بێزارم لە ئۆنێتی»


خوان تایۆن
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
 
📝کەس چاوی لێم نەبوو و چووم لەسەر پێخەفەکەی خوان کارلۆس ئۆنێتی دانیشتم، هەر دەتگوت هێشتا بە دنیایەک خەوزڕانی تر ئاوسە. نەختێک لەسەری تلامەوە و قرچەی بێدەنگییەکی لەمێژینەی دایەوە؛ زانیم هێشتا وێژەکەی شاردراوەتەوە لەو پێخەفەی حەوت حەفتەیە لە کاسا دێ ئەمریکا نمایش کراوە. هەموو ئەوەی ئۆنێتی پێویستی بووە، تەنانەت ئەوەیشی لێی زیاد بووە، ژوورەکەی تێیدا بووە؛ ئەو ژوورەی مەگەر چۆنها لە پەنجەرەکەیەوە هەڵیڕوانیوە. خوان کارلۆس بایەخی بە ڕوواڵەت نەداوە. بێوەژنەکەی، دۆلی ئۆنێتی، تازەکی گێڕایەوە: «هەر لە منداڵییەوە خۆی دابڕاندبوو». سا دوای گەیشتنیشی بە مەدرید لە ساڵی ١٩٧٥ و نیشتەجێبوونی لە شەقامی ئەمریکا ٣١، باڵاخانەی ٣، نهۆمی ٨، ماڵنشینییەکەی هەر ئاسوودەیی و ناوبانگی بۆ هێناوە. خودی نووسەر چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە، «بۆ ئەوەی بیڵێم، بێدەنگیم بەسە، بۆ ئەوەی بیزانم، پێخەفم بەسە.»
وەک بڵێی سڵی لە تەوژمی هەوا کردبێتەوە، هەموو شتێکی پڕبایەخی ئاخنیوەتە ناخەوە. وەگێڕی ڕۆمانی بیر (١٩٣٩) پێشبینیی ڕووداوێکی داهاتوو دەگێڕێتەوە، هاوشێوەی ساردوسڕیی بەرهەمە ئۆنێتییەکانی دواترە: «با هەر کەسێک لە ناخی خۆیدا بگەڕێت، تەنیاوتەنیا لەوێدا حەقیقەت و سەرلەبەری ئەو شاخە شتەی بە دوایدا وێڵە دەدۆزێتەوە. گلان هەمیشە بەرهەمی هونەریی لێ دەکەوێتەوە. هیچی تر لە دەرەوەی خۆمان نییە». هەر بۆیە ڕۆمانەکانی ئێجگار گرێدراوی ڕوواڵەت نین.
خودی ئۆنێتی و ڕووداوی ناو کتێبەکانی ئێجگار هاوشێوەن. بەرهەمەکانی نوقمی دنیای بچکۆلانەن، پەڕاوێزخراوی شوێنی قەتیسن، وەگێڕەکانیشی گۆشەگیر و ئێسکقورس و دوورەپەرێزن. دنیابینییەکی جیاوازی هەبووە کە حوکمڕانیی شێوازی گێڕانەوە و ژینی ئابڵووقەدراوی بە دیوار و دوکەڵی جگەرە کردووە. ڕۆمانەکانی ئاسۆیان نییە، وەک هەڵقوڕاندنی پێکێکی و چاوخوراندنێکی و جگەرەداگیرساندنێکی ئاماژەیان لێ دەچۆڕێتەوە. ئەوە بە هەڵکەوت نییە ئۆنێتی جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێت و کەسایەتییەکانیشی پەستاپەستا دەیکێشن. گاری هاڵدێمان دەڵێت: «ڕۆمانی کورتەژیان (١٩٥٠) سیونۆ جار جگەرەی تێدا کێشراوە، بۆ ئەمشەو (١٩٤٣) سیسوشەش جار، خاکی هیچکەس (١٩٤١)ـیش چلوپێنج جار».
ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3sik3xr
💫«ئاسمانێک کە ناتوانم تەماشایکەم»

نەوا ئەمین


🔅پاژێک لە شیعرەکە
 
گوڵە سپییەکانی لێرەواڕەکە بە ڕیز گەشەیان کردبوو
من هەنگاوم دەنا لە هەوا
 
گەر سەر بەرەڵاییەک
لە پەڕە سپییەکانیانەوە مەنهۆڵی
جەنگەکانی هەڵبدایەتەوە؛
ئاسەواری ڕاستەقینە
وەک پڕکردنەوەی چاڵیی ڕوومەتێک
کە زلەیەک خستوویەتی؛
بازنەیەکەی بۆش و
سەماکردنێکی پارێزەر.
 
وەک ئەوانەی کەلوپەلی نێو کۆڵەکانیان هەڵڕژا و
کەوتنە نێوانی خەڵکەوە
تیشکی لەدەستچوویان قومات کردە دەمیانەوە و
هەوڵیاندا بدوێن
 
ساماڵ،
هەر ئەوەیشە چاوی ڕوو لە خوارە و 
ئامڕازەکانی قولاپن
 
 
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3CyCsKW
jineftin
Photo
💫 میهربان

ئەژین فەهمی
📝 پاژێک لە چیرۆکەکە
هه‌ر زوو به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ به‌هێز و زبره‌كانی، تووند یه‌خه‌ی كراسه شینه‌ قۆڵكورته‌كه‌می گرت و به‌ره‌و خۆی په‌لكێشی كردم. هه‌وڵی خۆڕاپسكاندنم هه‌بوو، به‌ڵام نه‌ هێزی ئه‌وه‌م هه‌بوو پاڵێكی پێوه ‌بنێم، نه‌ له‌بیری ئه‌وه‌شدا بووم گاز له ‌ده‌ستوپه‌نجه‌ ناشیرین و زبره‌كانی بگرم. ئه‌و هه‌ر ڕایده‌كێشام و ڕایده‌كێشام. نینۆكه درێژه‌كانی پشته‌مل و گه‌ردنمی زامدار كردبوو. نه‌مده‌زانی به‌ ئازاری قۆڵ و باسكم ڕابگه‌م، یا‌خود له ‌هه‌وڵی گرتنی بیجامه‌كه‌مدا بم، كه‌ خه‌ریك بوو له ‌پێم داده‌كه‌ندرا. بۆ ئه‌وه‌ی لاستیقه‌كه‌ی له‌ كه‌مه‌رم نه‌ترازێت، هه‌ردوو ده‌ستم تووند به‌ بیجامه‌كه‌وه‌‌‌ گرتبوو، كه‌ هه‌ر سپێده‌ی ئه‌و ڕۆژه‌، پووره‌ میهره‌بانم لاستیقه‌كه‌ی به‌ دانه‌یه‌كی تووند و تۆڵتر بۆ نه‌گۆڕیبووم، به‌ڵكوو به‌ مه‌به‌ستی تووندكردنەوەی یه‌ك دوو گرێی لێدابوو.
تا ده‌هات جێگه‌ی ئازاری لاستیقه‌كه‌ له‌نێو قه‌دمدا زیاتر ده‌بوو، منیش زیاتر بڕستم لێ ده‌بڕا. پێڵاوه‌ ڕه‌قه چه‌رمه‌كانی، له‌سه‌ر قاچم دانا و پاڵێكی پێوه‌نام، ئیدی ده‌ستم له‌ كه‌مه‌ری بیجامه‌كه‌م پچڕا و له ‌پێم داكه‌ندرا.
دیسانه‌وه‌ ویستم ڕابكه‌م، ئه‌‌و جاره‌ تووند گرتمی و ده‌ستی به‌ لاستیقه‌كه‌مه‌وه‌ گرت، شه‌رواڵه‌كه‌ی هێنایه‌ خواره‌وه‌، ڕوو له‌ دره‌خته‌كه‌ پاڵێكی پێوه‌نام و تووند خۆی پێوه‌ نووساندم. خێرا خێرا تفی له‌ ده‌ستی ده‌دا و تێنه‌ده‌گه‌یشتم و بێهووده‌ هه‌ر خۆمم ڕاده‌پسكاند، به‌ڵام هێزی منداڵێك له ‌كوێ و ئی مرۆڤێكی پێگه‌یشتوو له‌ كوێ، چ جای ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ ئەژدیهایه‌ك بێت بۆ خۆی.
چه‌ند خووله‌كێك ڕه‌تی دابوو ئاده‌م ‌تووند خۆی پێوه‌ نووساندبووم، كه‌ ده‌نگه‌ده‌نگی هاوڕێكانم هاته‌ به‌ر گوێ، دیار بوو منداڵه‌كان به‌ره‌و لامان دەهاتن. هیوا به‌ده‌م هاویشتنی به‌ردێكه‌وه‌ نزیك بووه‌وه‌ ‌و هاواری كرد: "ده‌ی با به‌ردبارانی بكه‌ین، به‌رد له‌و شێته بگرن". ئیدی من نازانم چۆن بوو بیجامه‌كه‌مم هه‌ڵكێشایه‌وه‌ و ‌هه‌ر یه‌كێكمان به‌لایه‌كدا ڕامان كرد. ئاده‌میش تا نێزیك ماڵه‌وه‌ ‌دوامان كه‌وت، به‌ڵام ئه‌و جاره‌ هیچ كه‌سێکمانی بۆ نه‌گیرا.
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3D5FfNj
jineftin
Photo
💫شەوار
ڕەها ئەبوبەکر
🔅پاژێک لە شیعرەکە
 
دیوارەکان دووکەڵ دەمژن و
ڕایەخەکان موو دەخۆنەوە و
کۆلاش کحول دەردەدا.
لە هەوای شەوی تەماویدا
خۆر خۆی دەسوێتەوە.
مانگ و ئەستێران دەلاوێنەوە
بۆ دوورییەک
کە پێوانە ناکرێ.
هەرچی هەیە ڕووتە.
هەرچی هەیە خۆیەتی و
هەرچی هەیە ناڵەیەتی.
ئاوێنە ڕووبەرێک لە خۆی
لە ئەوانی تر کە بێدەنگ
خەریکی ئازارچەشتنن
دەداتەوە.
لەپێناو دروستکردنی سبێنێیەکی زوودا
درەنگنووستن دەشێ
ڕێگەیەکی خراپ نەبێ.
بۆ هەڵهاتنی خۆر
خۆخواردنەوە
وزەی زێڕینی ڕووناکایی
دەبەخشێتەوە.
ئەو تاریکییەی کە پێوانە ناکرێ
ئەو دوورییە
لە هەناوی سەرینێکی لاکێشەی بۆنخنکدا
دەتلێتەوە. 
 
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3TMTZ9p
jineftin
Photo
💫 فراگمێنت

کامۆ ئاراز
📝 پاژێک لە چیرۆکەکە

١
بووکەڵە و پارچە میکانۆکان، یارییەکانی دیکەش، ژوورەکەیان تەنیوە. شێوانشێوییەکە بۆ خۆی. تەلەڤزیۆنەکە داگیرساوە، کەناڵەکە پەخشی فیلمێکە، بەڵام سەرنجی منداڵە بچووکەکە لەسەر بووکەڵەکانە وەک لە هەر شتێکی دیکەی ناو ژوورەکە. پارچە میکانۆکان چ لەسەر شێوەی نێر یان مێ دروست کرا بن، بە یەکیاندا دەکێشێت. لاساییی ئەو دیمەنانە دەکاتەوە کە ئەندامانی خێزانەکەی و خزمانیان لەبەر چاوی کردوویانە: ماچ، شەق، زللە، دەستبردن بۆ جەستە، ڕشتنی شیرێکی ڕەنگ سوور لە جەستەی هەندێکیان، هی سپی لە هەندێکی دیکەیان. لەپڕێکدا سەری دوو لە بووکەشووشە پلاستیکییەکان دەردەهێنێت.
٢
لە پۆلدا دانیشتووە. سەرنجی لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی ژوورەکەیە، هەموو ڕەفتار و دەربڕینەکانی سیما و وردەکارییەکانی مامۆستا و هاوپۆلەکانی دەپشکنێت، هەموو شتێک دەبینێت و بیریان لێ دەکاتەوە، تەنها وانەکە نەبێت. ئەو دارەی دوێنێ مامۆستاکەی وای لێ کرد ئەزموونی بکات لەسەر مێزەکە دانراوە، جاروبار مامۆستا دارەکە هەڵدەگرێت و پێی ئاماژە بۆ خەتخەتۆکەکانی سەر تەختەڕەشەکە دەکات. تا دوو هەفتە پێش ئێستا وای دەزانی داری دەستی مامۆستاکان تەنها بۆ پیاکێشانی دەستەکان و تەختەڕەش بەکار دێت، بەڵام دیارە کە وا نییە و جاروبار بە هەندێک شوێنی جەستەشماندا دەچن. دەنگی هاوارێک لەو کەشی بیرکردنەوانەدا دەری دەهێنێت و ڕایدەچڵەکێنێت: چەماوەی داخراو؛ دال؛ دار.
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3CR5xRN
jineftin
Photo
📸 فۆتۆگرافەری و وێنەی شەقام


نووسین و فۆتۆی: عومەر کەریم
 
📝وێنەی شەقام، وێنەگرتنی خەڵکی سەر شەقامە. ئەگەر چی لە هەموو کاتدا مەرج و پێویست نییە خەڵک تێیدا  نیشان بدرێت. قەتیسکردنی چرکەساتی شوێنێک، دەرخستنی شوێنە قەرەباڵغەکان لە کاتی چۆڵدا، شێوەی بازاڕ و شەقامەکان لە درەنگانی شەو، یان بەرەبەیان، بێ بوونی هیچ فیگەر و سەبجێکتێکی دیاریکراو و زەق، هەر دەچێتە قاڵبی وێنەی شەقام.
ئەم شێوازی وێنە، جیاوازی لەگەڵ وێنەی ئاساییدا ئەوەیە؛ فۆتۆگرافەر چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێتەوە. یان حاڵەتی دەگمەن و نامۆ دەگوازێتەوە. هەڵبەت ئەوانە وا دەکەن ببن بە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بۆ بینەر و فۆتۆیەکی ڕاگوزەر نەبێ بۆیان. وێنە واتا ئەو بوونەی کە بەپێی سروشتی خۆی، خۆی نیشان دەدات و دەردەکەوێ. چیەتیی وێنە، حەتمەن هەر لەناو دەرکەوتنەکاندایە. ئەم قسەیە تەنیا بۆ وێنە فیزیکییەکان ڕاست نییە، بەڵکوو بۆ هەموو وێنە خەیاڵییەکانیش دروستە. ئەو وێنانەی کە لە ئەندێشە و هزرمان وێنایان دەکەین، لە پرۆسێسێکی خەیاڵئامێزانەدا، دەیخەینە نێو فرێمێک لە خەیاڵدانمان و ئەمەیش ئۆتۆماتیکی دەبێتە وێنەیەکی زهنی.
پێچەوانەی ئەوانە، ناکرێ هەر وێنەیەک لە شەقامدا بگیرێت، بخرێتە ژێر ڕۆشناییی ئەو ستایلە. دەبێ جووڵەیەک، پەیامێک، مەبەستێک و هۆکارێک هەبێ. ئەوانە وا دەکەن بە وێنەیەک بڵێین؛ وێنەی هونەری. فۆتۆگرافی وەک چۆن زانستە، ئاواش هونەرە. دەشبێ تێیدا بەرجەستە بێت و ببینرێ. هونەر لە وێنەدا، ئەرکی ئەوەیە مامەڵەیەکی جۆرایەتی لەگەڵ خودی وێنەکە بکات، بە چۆنیەتیی دەرخستنی وردەکارییەکانی ناوی.
وێنەگرتنی ڕۆژانەی خەڵک لە ژینگەکەیان، کارێکی ئاسان نییە. پێویستی بە خۆڕاگری و ماندووبوون و زۆر جاریش ئازایەتی هەیە. چونکە لە هەندێک وێنەدا، پێویستە فۆتۆگرافەر تەواو نزیک بێتەوە لە خەڵک، تا گۆشەیەکی جیاواز و پەیامدار بگرێت.

درێژەی ئەم بابەتە و لەگەڵ نموونەی کۆمەڵێ فۆتۆی عومەر کەریم لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3eZ0tmG
jineftin
Photo
📚ژنی کورد و ئینتێرسێکشناڵیتی


چنوور فەتحی


  پوختە
ئینتێرسێکشناڵیتی یەک لە چەمکە کلیدییە فێمینیستییەکانە کە بۆ ڕوونکردنەوەی فرەڕەهەندی و چەندلایەنەبوونی ئەو جیاوازییانەی دەستکردی کۆمەڵگان، دەخرێتە بەرکار. هەرچەندە ئەم زاراوە بەرهەمی کار و چالاکیی فێمینیستە ڕەش‌پێستەکانی دەیەی ١٩٧٠ی زایینییە، بەڵام ئاماژە بە بابەتێک دەکات کە بۆ چەندین و چەند دەیە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە ڕیزی پێشەوەی خەباتە جیهانییە فێمینیستییەکاندا بووە. پرسیار سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ بونیادی ژیانی مرۆڤ بەپێی نیژاد، ڕەگەز، سێکسواڵیتی، چین، تواناییی (جەستەیی و زەینی) و هتد دەرک بکەین، و پڕۆژە سیاسییەکانمان چۆناوچۆن وەڵامی ڕەنگاڵەیی و پڕئەژماریی ئەم فاکتەرانە لە واقیعی ژیاندا دەدەنەوە، تەوەری سەرەکیی ئینتێرسێکشناڵیتی پێک دێنێت.  چەمکی ئینتێرسێکشناڵیتی یەک لەو وەڵامانەیە کە دەکرێ بەم پرسیارە بدرێتەوە. سەردێڕە سەرەکییەکانی تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی و پەرژانە سەر ئەزموونی ژنانی کەمیینە لە هەموو شوێنێکی جیهان، لە هەموو ڕوویەکەوە دەتوانێ بۆ تێگەیشتنی دروستمان لە کەمیینەبوون و کەوتنە بەر چەندین و چەند جۆر ستەمی یەکتربڕی ئەو ژنانەی لە دۆخێکی هاوشێوەدان، یارمەتیدەر بێت. ئەم وتارە بە ئامانجی ناساندنی کەپاسیتی و توانستی ئەم ڕووکردە تیۆریکە بە نیسبەت "ژنی کورد"ەوە هاتووەتە نووسین و دەیهەوێ بە پەرژانە سەر ئەزموونەکانی ژنی کورد، وەک کەمیینە لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، ڕێگایەکی تازە بۆ دەرکی باشتری پێگەی کەمیینەبوون و ئەو ستەمە دووقاتەی بەسەریاندا دەسەپێت، دەستنیشان بکات و توێژەرانی ئاقاری ڕەگەز و جێندەر بانگهشێتی ئەم هەوڵە زەروورە بکات.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/ttxmskbn
jineftin
Photo
📚فەزاى گشتیى ئایینی لە کۆمەڵگە ئیسلامییە بەرایییەکاندا
 


دەیل ف. ئیکڵمان
لە ئینگلیزییەوە: ناودار زیاد
  مەزهەب و تەریقەتە سۆفیگەرییەکان ڕەگەز و توخمى هاوبەشیان هەیە. (ئەفرات) لەم بارەیەوە دەڵێت: مۆرکى نافەرمى نەریتەکانى فێربوون و بەردەوامى پەیوەندییەکانى نێوان ڕابەران و شوێنکەوتووانیان لە هەردوو دامەزراوەکەدا، هەم مەزهەبەکان، هەم تەریقەتە سۆفیگەرییەکان، دەروازەیەکن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتىی شەرعیەتوەرگرتنى کردە کۆمەڵایەتییەکان. بە شێوەیەکى هاوتەریب (دانێلا تالمۆن هێلەر، Talmon-Heller Daniella) شێوازەکانى سەرکردایەتى لە کۆمەڵگەى حەنبەلی لە سوریادا لەژێر فەرمانڕەوایىی زەنگییەکان و ئەیوبییەکاندا دەخاتە ڕوو. لە نموونەکەى (تالمۆن هێلەر)دا، بەڵگەى ڕاستەوخۆ لەبارەى تێگەیشتنە ئایینییەکانى عەوام و مەوداى تێگەیشتن و پراکتیکەکان لە پانتاییى گشتیدا نامسۆگەر و نادڵنیایە. تەنانەت (ئەفرات) لە ڕێگەى دۆزینەوەى بەڵگەى تازەوە بۆى دەردەکەوێت کۆمەڵگەى حەنبەلى زیاتر داینامیک و جووڵاو و زیندوو بووە.
گرنگى پەیوەندییە نافەرمییەکان بۆ دروستکردنى پانتایییەکى گشتىی ئایینی جێگیر کاتێک دەرکەوتووە کە چەمکى دامەزراوە واتایەکى ڕیشەیى وەرگرتووە ـ واتایەکى ڕەواى کۆمەڵایەتى و قبوڵکراو بۆ بەرجەستەکردنى ئەرکێک ـ نەک ئەوەى کە گروپێکى فەرمى و باوەڕپێکراوى ڕێگەپێدراو بێت لەلایەن هەندێک لایەنى ناوەندى دەسەڵاتەوە. لەژێر ڕۆشناییى ئەمەدا دەبینین پەیوەندییەکانى نێوان ڕابەر و شوێنکەوتوو ناوەڕۆک و واقیعێکى کۆنکرێتى وەردەگرێت وەک بناغەیەک کە لەلایەن دامەزراوە باوەڕپێکراوە یاسایییەکانى وەک ئەوقاف یاخود مەدرەسەکانەوە بەرجەستە دەبێت. لەم بوارەدا، (عەبدیڵڵا حەمودى، Abdellah Hammoudi)ى ئەنترۆپۆلۆژیست گفتوگۆى ئەوە دەکات کە پەیوەندیى قوتابى و مامۆستا لە سۆفیزمدا وەک میتافۆڕێک و پراکتیکێک کار دەکات لە ڕێگەى ئەو دەسەڵاتەى کە شەرعییەتى هەیە لە سەرانسەرى جیهانى عەرەب بەگشتى و مەغریب بەتایبەتى، هەتاکوو ئێستا، سەرەڕاى دیکۆراتە فەرمییەکانى پەرلەمان و دامەزراوە نوێنەرایەتییەکانى تر.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://jineftin.krd/2022/11/01/%d9%81%db%95%d8%b2%d8%a7%d9%89-%da%af%d8%b4%d8%aa%db%8c%d9%89-%d8%a6%d8%a7%db%8c%db%8c%d9%86%db%8c-%d9%84%db%95-%da%a9%db%86%d9%85%db%95%da%b5%da%af%db%95-%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%8c/